کۆمپانیای (SpaceX)ی تایبەت بە پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان، کە لەلایەن ملیاردێر ئیلۆن مەسکەوە بەڕێوەدەبرێت، لە هەنگاوێکی نائاسایی و مێژووییدا خۆی بۆ چوونە ناو بازاڕی بۆرسەی جیهانی (IPO) ئامادە دەکات. کۆمپانیاکە بە جێگیرکردنی نرخێکی پێشوەختە بۆ پشکەکانی، تەواوی یاسا باوەکانی واڵ ستریت دەگۆڕێت.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویەکردوونەتەوە، سپەیس ئێکس پلانی داناوە نرخی هەر پشکێکی خۆی بە جێگیری لەسەر 135 دۆلار دیاری بكات. کۆمپانیاکە لە ڕێگەی فرۆشتنی 555.6 ملیۆن پشکەوە، ئامانجیەتی بڕی 75 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە، ئەمەش ئەگەر جێبەجێ بکرێت دەبێتە گەورەترین پرۆسەی کۆکردنەوەی سەرمایە (IPO) لە مێژووی دارایی جیهاندا.
بەهای کۆمپانیاکە و واقیعی دارایی
بەپێی ئەم نرخە، بەهای گشتیی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەگاتە 1.75 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا لەگەڵ کۆمپانیای (xAI)ی تایبەت بە ژیری دەستکرد تێکەڵ بوو.
چاودێرانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم نرخاندنە کەمێک سەرکێشییە؛ چونکە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025دا زیانی نێتی گەیشتووەتە 4.94 ملیار دۆلار بەهۆی خەرجییە زەبەلاحەکانی لە پڕۆژەکانی ژیری دەستکرد و بنکەکانی داتا لە بۆشایی ئاسماندا، و لە ئێستادا تەنها تۆڕی مانگی دەستکردی (Starlink) سەرچاوەی سەرەکیی قازانجی کۆمپانیاکەیە.
گرنگترین خاڵەکانی ئەم بازرگانییە مێژووییە:
-
پشک بۆ خەڵکی ئاسایی: ئیلۆن مەسک بڕیاریداوە 30%ی پشکەکان بۆ وەبەرهێنەرە بچووکەکان و خەڵکی ئاسایی تەرخان بکات، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزە لە مێژووی بۆرسەدا.
-
پارەکە بۆ کوێ دەچێت؟ تەواوی ئەو 75 ملیار دۆلارەی کۆدەکرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی سپەیس ئێکس بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن، و دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکە بۆیان نییە لەم قۆناغەدا پشکەکانی خۆیان بفرۆشن و پارەکە بەرنە دەرەوە.
-
پابەندبوونی مەسک: ئیلۆن مەسک بەپێی گرێبەستەکە ناچارە پشکەکانی خۆی بۆ ماوەی لانی کەم 366 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی بۆرسەکە بپارێزێت و نەیانفرۆشێت، بۆ ئەوەی متمانە بە وەبەرهێنەران ببەخشێت.
بڕیارە گەشتی ناساندن و نمایشکردنی پشکەکانی کۆمپانیاکە بۆ وەبەرهێنەران ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێبکات، و پێشبینی دەکرێت لە 12ی حوزەیرانی 2026دا، پشکەکانی سپەیس ئێکس بە فەرمی لە ژێر هێمای (SPCX) لە بۆرسەی ناسداکی ئەمریکی دەست بە مامەڵە پێکردن بکەن.
ئاژانسهكان

