دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-6-2026 ڕایگەیاند، کە پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئێران بە خێرایی بەڕێوە دەچن و تاران ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ گەشبینی خۆی دەربڕی کە بارودۆخەکە لە ماوەی داهاتوودا “زۆر باش” دەبێت و ئاشکرای کرد کە موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری باڵای ئێران، لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لادا بەشدارە. هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ ناوبراو لە قۆناغەکانی داهاتوودا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی “ABC News”، ترەمپ تەنها بە بەڵێنە زارەکییەکانی ئێران ڕازی نەبووە و داوای کردووە تاران پابەندییە ئەتۆمییەکانی بە “نووسراو” پێشکەش بکات وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی نێوان واشنتن و تاران. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ترەمپ لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا جەختی کردووەتەوە کە بەڵێنە زارەکییەکانی پێشووی ئێران هێندە بەهێز نین کە پشتیان پێ ببەسترێت.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توند لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی: “گفتوگۆیەکی تووڕەم لەگەڵ ناتەنیاهۆ هەبووە و زۆر نیگەرانم لە بەردەوامی شەڕەکەی لەگەڵ لوبنان.”
ترەمپ جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران نەوەستاون و پەیوەندییەکان بەردەوامن، هەرچەندە هێشتا ئەنجامەکەی بەتەواوی ڕوون نییە. لە لایەکی دیکەوە، مژدەی ئەوەی دا کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕەکانی ئێستا، نرخەکانی بەنزین لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی، بە لایەنی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە پێویستە بە خێرایی بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.

