ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی حوزەیرانی 2026)، ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆ دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی سێ بڕگە دەکرێ:
- وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان، گفتوگۆ دەکرێ.
- بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە، دەخرێتە ڕوو.
- راگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، گفتوگۆ دەکرێت.

