ڕۆژی یەکشەممە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی لە کێیڤ، ڕایانگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، سێ کەس کوژراون و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیاش سەرکەوتنی هێرشێکی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوەیەکی نەوتی لە قوڵایی خاکی ڕووسیا ڕاگەیاند.
ئۆلیکساندر گانجا، سەرۆکی کارگێڕی سەربازی هەرێمی دنیبرۆپێترۆڤسک ڕایگەیاند، دوای شەپۆلێک لە هێرش کە سێ گەڕەکی ناوچەکەی کردە ئامانج، کەسێک کوژراوە و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون. گانجا لە ڕێگەی تێلیگرامەوە ئاماژەی بەوە کرد کە “دوژمن زیاتر لە ٢٠ جار بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانە و بۆمبی ئاسمانی هێرشی کردووە.” و ڕوونیشیکردەوە کە لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر گەڕەکی نیکۆپۆل، ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ گیانی لەدەستداوە و زیانێکی زۆر بە چەندین خانوو و ئۆتۆمبێل گەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڤیتالی دیاکیڤنیچ، سەرۆکی کارگێڕی سەربازی پۆڵتاڤا ئاشکرای کرد کە ڕۆژی شەممە دوو کۆمپانیا لە ناوچەکەیان بەر هێرش کەوتوون، کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی ١٣ کەسی دیکە، کە شەش منداڵ لەنێو بریندارەکاندا هەن.
لەسەر ئاستی هێرشە پێچەوانەکان، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی توانیویانە دامەزراوەیەکی پاڵاوتنی نەوت لە ناوچەی “تیۆمین” لە سێبیریای ڕۆژئاوای ڕووسیا بپێکن.
زێلێنسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: “ئەم ئەرکە بەهۆی درۆنی نوێی پەرەپێدراوی جۆری (FP) ئەنجامدرا، کە ئێستا توانای هەیە ئامانجەکان لە دووری ٣٠٠٠ کیلۆمەتر بپێکێت.” هەروەها سوپاسی ئەندازیارانی کۆمپانیای “فایەر پۆینت”ی کرد بۆ پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیا سەربازییە.
ئەم هێرشە نوێیەی ئۆکرانیا لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی نوێی کێیڤدایە بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە و دامەزراوە نەوتییەکانی ڕووسیا، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای دارایی و لۆجستی سوپای ڕووسیا.
ئاژانسهكان

