گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، محەمەد حەنون، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەیان پلانێکی گشتگیری بۆ بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخکاری دارشتووە، هاوکا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی دەریایی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا.
حەنوون گوتی: گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریایی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە و گەیشتنی کەشتییەکانی هەڵگری ماددەی خۆراکی، هۆکارێکی سەرەکین بۆ جێگیربوونی بازاڕی ناوخۆ، چونکە هەر کێشەیەک لە هێڵەکانی گواستنەوەدا ڕاستەوخۆ تێچووی گواستنەوە، دڵنیایی و نرخی کاڵاکان بەرز دەکاتەوە.
راشیگەیاند: وەزارەتی بازرگانی بە بەردەوامی چاودێریی نرخەکان دەکات و بەهۆی دابەزینی تێچووی گواستنەوە و زیادبوونی قەبارەی کاڵا هاوردەکراوەکان لە بازاڕدا، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا نرخی پێداویستییە بنەڕەتییەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببینن.
حەنوون ئاشکرای کرد: وەزارەت کار لەسەر چەند تەوەرێک دەکات کە گرنگترینیان: بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژیی وڵات، چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان، و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە چاودێرییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک یان هێشتنەوەی نرخەکان بە بەرزی لە لایەن بازرگانانەوە.
ئاماژەی بەوەدا: ئامانجی سەرەکیی وەزارەت پاراستنی ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکانە بە نرخێکی دادپەروەرانە. بەردەوامبوونی هاتوچۆی بازرگانی دەبێتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێ لە نێوان بازرگاناندا کە ئەمەش لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی بەکاربەر (هاوڵاتی) تەواو دەبێت.

