ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، پلان دانراوە بۆ دابینکردنی زەوی پێویست وەک پاڵپشتییەک بۆ پڕۆژەی “ملیۆنێک یەکەی نیشتەجێبوون”. هەروەها جەختی کردەوە کە کارە بیناسازییەکانی فڕۆکەخانەی مووسڵ کۆتاییان هاتووە و کارکردن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی بەردەوامە.
پارێزگاری نەینەوا لە میانی پێووازی کردنی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق گوتی: پاڵپشتیکردنی گەشەپێدان لە پارێزگاکە و فراوانکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە حکوومییەکانی نەینەوا گرنگ و پێویستە، هەروەها سوودوەرگرتن لە شارەزایی تورکیا لە پڕۆژەکانی ژێرخان، گواستنەوە و خزمەتگوزاری تەوەرێکی دیکەی قسەکانی بوو.
دەخیل ئاماژەی بەوە کرد کە دۆسیەی فڕۆکەخانەی مووسڵ لە پێشینەی گفتوگۆکانیان بووە. گوتیشی: “پڕۆژەکە لە ڕووی بیناسازییەوە تەواو بووە، ئێستا حکوومەتی خۆجێی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کار دەکات بۆ تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی، تاکو فڕۆکەخانەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی جیهانیی پسپۆڕەوە بەڕێوەببرێت و بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بکرێتەوە.”
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، پارێزگار جەختی کردەوە، نەینەوا لە سەقامگیرییەکی باشدایە و پلانی ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە پۆلیسی ناوخۆ بە شێوەیەکی پلەبەندی بەردەوامە. دەربارەی قەزای شنگال، عەبدولقادر دەخیل گوتی: “پێویستە دۆسیەی ئەمنی تەنها لەدەست هێزە عێراقییەکاندا بێت، ئەمەش بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ قەزاکە.”
لە بەشێکی تری قسەکانیدا پارێزگار ئاشکرای کرد، کار دەکرێت بۆ دابینکردنی زەوی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، بەتایبەت بۆ کەسوکاری شەهیدان و چینە شایستەکان هەروەها شارە پیشەسازییەکان و پەرەپێدانی بازرگانی لە مەرزی “ڕەبیعە” پەرەیان پێ دەدرێت، ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی نوێی خوێندندا قوتابخانەی “مەعاریف”ی تورکی لە مووسڵ دەکرێتەوە.
هەروەها پارێزگاری نەینەوا دووپاتی کردەوە کە هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنی تورکی تەنها ئابووری نییە، بەڵکو کەرتەکانی شارەوانی، کشتوکاڵ، ژینگە و دارچاندنیش دەگرێتەوە.

