سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە چارەنووسی رفێندراوەکان ئاشکرا بکرێت و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان دابین بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 03ی ئابی 2026،لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە رێکخراوی تێرۆریستی داعش دەرهەق بە پێکهاتەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق ئەنجامی دا، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە.
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تاوانە یەکێک بوو لە دڕندانەترین ئەو تاوانانەی کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، وەفاداری بۆ قوربانییان تەنیا لەرێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێندراوەکان، بایەخدان بە رزگاربووان و ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال دەبێت، تاوەکو ئاوارەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بە شکۆوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هاوکات ستایشی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکان و پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد لە تێکشکاندنی داعش. راشیگەیاند، دەوڵەت وەک پارێزەری مافی هەموو هاووڵاتیان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەریی عێراق، مانەوەی چەک لە دەستی وڵات، وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە لە داهاتوودا بگیرێت.

