zagros news agency

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا دەكات

 

ڕۆژی یەكشەممە 9ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەردار یوكسەل ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی  (سەردار یوكسەل)ـی كرد و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە گەنجێكی كورد توانیویەتی ڕۆڵی لە ناوەندە سیاسی و پەرلەمانییەكانی وڵاتی ئەڵمانیادا هەبێت و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونەكانی كرد لە بوارە جۆراوجۆرەكان و بەرگریكردن لە دۆزی كورد و پەنابەران لە ئەڵمانیا. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بنەما و پڕەنسیپەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان جەختی لە ئاشتیانەبوونی دۆزی گەلی كوردستان كردەوە كە دەبێ كێشەی گەلی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و بە شێوازی سەردەمیانە چارەسەر بكرێت.

هەر لەو دیدارەدا سەردار یوكسەل پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە ئازادیخوازی و خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی دۆزی كورد لە ڕۆژئاوا هەبوو، ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئەڵمانیا و زۆر شوێنی تری جیهاندا خەڵك هەیە كە دۆست و پشتیوان و هاوسۆزی ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستانن. بەڕێز سەردار یوكسەل ئەزموونی هەرێمی كوردستانی بە بەرز و بەهادار لە قەڵەم دا كە پێویستە پشتیوانی بكرێت. هەروەها پێزانینشی بۆ ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبوو لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی لێقەوماوان و ئاوارە و پەنابەران.

بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بەرەو واشنتن بەڕێ دەکەوێت

یاسین

پارێزگاری تاران دەڵێت چڕیی دانیشتوان لە تاران ١٩ ئەوەندەی هەموو ئێرانه

سەڵاح

هۆشدارییه‌ك له‌ ته‌ندروستی سۆران بۆ سه‌نته‌ره‌كانی جوانكاری و تاقیگه‌ و نۆرینگه‌كان

سەڵاح