وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند ، پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ و ناردنی بۆ بەغداد بە کۆتاهات.
ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە
پاش زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەکان، داهاتی گشتی و میلاکی گشتی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە بە هەردوو شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کرا.
لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێز ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە و ستافی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و ژمێرکاری لەناو وەزارەتمان، وە سوپاسێکی تایبەتی هەبوو بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە بەردەوامانەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکان و فەرمانگەکان و بەتایبەتیش فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و فەرمانگەی بودجە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری ناو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە نیشتمانییە بە شێوازێکی زانستی، سەردەمیانە و هاوئاهەنگ لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی بودجەی فیدراڵیی عێراقدا.
لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:
•دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.
•دابینکردنی موچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا.
•دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.
•جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو.
•هاوتاکردنی موچەو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.
•هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان.
•چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە بەهۆکاری جیاواز لە سیستمی(UPN) تۆمار نەکراون یاخود کێشەیان هەیە.
•دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية).
•بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.
•دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بروانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم.
هیواداریشین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکەن.
هاوکات، داوا لە سەرجەم نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی داکۆکی لەم پشکانە بکەن، تاوەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ناو پەرلەماندا لە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێن و پشکی شایستەی هاووڵاتیانی هەرێم بە زووترین کات دەستەبەر ببێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
حکومەتی هەرێمی کوردستان

