ئەمڕۆ ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦ لیوا توانا صدیق، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی ڕایگەیاند: کە لە ماوەی ڕابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەش کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە کارئاسانیەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروست کردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا گێڕاوە، ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە ئەم هاوکارییە تەنها لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمیەکانیاندا نەبووە، بەڵکو لە کاتەکانی پشووشدا ئەم ئەرکەیان لە پێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە.
لیوا توانا صدیق ئاشکرای کرد کە نزیکەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (زیاتر لە ٩٩٪) لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون، لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاسان، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات.
لەمبارەشەوە ڕۆڵی ستافی تیمی هەژماری من بەرزدەنرخێنین کە پێشەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەبەرچاو گرتووە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەم پێشکەوتنە و بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە لە ڕێگەی هەژماری من، لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوەی پێشوو کۆتایی پێ دێت.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

