لە ڕووداوێکی سەیر و کەم وێنەدا کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی چین دروستکردووە، باوەشێکی ڕۆمانسی لە نێوان هاوسەران کارهساتێکی پزیشکی لێکەوتەوە و بووە هۆی شکانی ٥ پەراسووی ژنەکە.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕووداوەکە لە پارێزگای جیانگسو لە چین ڕوویداوە. ژنێک بە ناوی (شین) گلەیی لە سەرما دەکات بۆ هاوسەرەکەی (بەرێز وانگ)، هاوسەرەکەشی بۆ ئەوەی گەرمی بکاتەوە، لە دواوە بە توندی باوەشی پیا دەکات و کەمێک بەرزی دەکاتەوە. بەڵام دەستبەجێ دەنگێکی وەک “تەقین” دەبیسترێت و ژنەکە لەبەر ئازاری توند دەست دەکات بە گریان و لەسەر زەوی دەکەوێت.
دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی پشکنینی تیشکی (CT Scan)، پزیشکەکان تووشی شۆک بوون کاتێک بۆیان دەرکەوت ٥ پەراسووی ژنەکە بە تەواوی شکاون و پەراسووی شەشەمیشی درزی بردووە.
پزیشکە پسپۆڕەکان لە لێکدانەوەی ئەم دۆخەدا ڕایانگەیاندووە کە هاوسەرەکە هێزێکی لەڕادەبەدەری بەکارنەهێناوە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی ئەوە بووە کە ژنەکە بەدەست داخوران و پووکانەوەی توندی ئێسکەوە (Osteoporosis) ناڵاندوویەتی.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم پووکانەوە توندەش لە تەمەنێکی گەنجدا، هاوسەرەکەی ئاشکرای کردووە کە ژنەکەی پارێزگارییەکی زۆر توندی (ڕێجیم) کردووە بۆ دابەزاندنی کێش، بەردەوام ژەمی شێوانی لاداوە، کێشی گەیشتووەتە نێوان ٤٥ بۆ ٥٠ کیلۆگرام، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بڕێکی زۆر قاوەی خواردووەتەوە و بە هیچ شێوەیەکیش نەچووەتە بەردەم تیشکی سەرەکی خۆر. ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی کەمییەکی توندی ڤیتامین D و لاوازبوونی پێکهاتەی ئێسکەکانی، بە شێوەیەک کە تەنها بە باوەشێک شکاون.
ئێستا ڕەوشی ژنەکە جێگیرە و پێویستی بە نەشتەرگەری نەبووە، بەڵام پزیشکەکان ڕێنمایی توندیان کردووە کە پشووی تەواو بدات و بۆ ماوەیەکی درێژ لە باوەشگرتنی توند بەدوور بێت.

