راگەیاندنی یەکێتی زانایان: ئەو کەسەی لە کەلار گیراوە نە مەلایە و نە ئەندامی ئێمەیە ناکرێ لەسەر مامۆستایانی ئایینی حیساب بکرێ و راگەیاندن بەو شێوەیە مامەڵە بکات
…
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەسێک لە کەلار، گوایە وێنەی نەشیاو لەناو مۆبایلەکەیەوە هەبووە، لەناو دەزگایەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا بە مەلا بڵاوکرایەوەو لەم پەنایە هێڕشی ناڕەوا کرایە سەر مامۆستایانی ئایینی، لە کاتێکدا ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە پیشە و کاری مەلایەتیەوە نیە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئایینیش نیە.
ئەو کەسە سێ ساڵ بەر لە ئێستا خۆبەخشانە ماوەیەک کەم کاری پێشنوێژی کردووەو قورئانی خوێندووە و دوورخراوەتەوە، بۆ دڵنیایی هەموو لایەک، ئەو کەسە هیچ بڕوانامە و سیفەتێکی فەرمی مەلایەتی نەبووە، لەهەمان کات نە ئەندامی یەکێتی زانایانە، نە فەرمانبەر و خۆبەخشی فەرمی ئەوقافیشە.
نیگەرانی زۆرمان لە دەزگایەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا ئەوەیە، کە بە هەستیاری و وەک خۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و رووداوەکان ناکەن و پیشە و ناوی پیرۆزی مەلایەتی لەبەر هەڵەی کەسێکی نا مەلا دەزڕێنن، کە بەداخەوە نەدەبوو بەشێکی کەناڵ و ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەو شێوەیە بڵاوی بکەنەوە و، بە بێ بەڵگە لەسەر هەموو مامۆستایانی ئایینی حیساب بکرێت، چونکە هەر کەس دەنگخۆش بوو یان پێشنوێژی کرد یان دوو ئایەت و فەرمودەی خوێندەوە و خۆی بەبانگخواز ناساند، مانای ئەوە نیە مەلا بێت.
داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین رێکاری توندتر بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە مۆڵەت و رێپێدانی مەلایەتیان نیە و مزگەوت بەکار دەهێنن.
راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
28ی10ی2026

