گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی لێدوانەکانی ئاڵا تاڵەبانی لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی دایەوە و بە “چەواشەکاری” و “تۆمەتی بێ بنەما” وەسفی کرد.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “ئاڵا تاڵەبانی لە کەناڵێکی گوماناوی و نزیک لە نەیارانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک قسەی ناڕاستی بەرامبەر هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.”
فراکسیۆنەکە بە توندی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: “گەلی کوردستان و عێراق زۆر لەوە هۆشیارترن بەم جۆرە چەواشەکارییانە فریو بخۆن. ڕایگشتی باش دەزانێت فایلی قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی دەرمان و نەوت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و کێ لە کەسە نزیکەکانی ناوبراو ئەنجامی دەدات.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو جۆرە هەڵمەتانە درێژکراوەی ئەجێندایەکی دژە کوردستانە و ئامانجی لادانی سەرنجەکانە لە “تاوانە ڕاستەقینەکانی دەوروبەری ناوبراو”.
فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە دەنگانە لای هاووڵاتییانی کوردستان نامۆنین و مێژوو سەلماندوویەتی کە ئیرادەی گەلی کوردستان سەرکوتکەری ئەم دەنگە نەشازانە بووە. لە کۆتاییدا ڕایانگەیاند: “لەبەرامبەر ئەم بوختان و چەواشەکارییانەدا، هەموو ڕێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە.

