zagros news agency

تۆم باراک:«ئیسرائیلی مەزنیش» خەیاڵه

 

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، تۆم باراک جەختی کردەوە که سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە پشتبەستن بە دیپلۆماسی و هاوکاریی ناوچەیی هەیە لەجیاتی بەردەوامبوونی جەنگەکان، و بیرۆکەی «ئیسرائیلی مەزن»ـیشی بە خەیاڵ وەسف کرد کە لەلایەن نەیارە سیاسییەکانەوە قسەی لەسەر دەکرێت.

باراک لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی «CNN» ڕایگەیاند کە لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەم وای لە ئیسرائیل کردووە سنوورەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و جەختیشی کردەوە که چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا دەبێت لەسەر بنەمای ڕێڕەوی دیپلۆماسی بێت، بە بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کێ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە.

ئاماژەی بەوەش دا که وڵاتانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە هاوکاریی هاوبەش پێویستییەکی حاشاھەڵنەگرە.

لە باسی دۆخی عێراق و سووریا، باراک روونی کردەوە که عێراق خاوەنی بنکەیەکی گەورەی داهاتی نەوتییە کە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان، بە پێچەوانەی سووریاوە کە ڕووبەڕووی بەربەستی گەورەی ئابووری بووەتەوە.

ڕوونی کردەوە کە سوریا لە ئێستادا بێبەشە لە داهاتی دارایی پێویست و سیستمێکی بانکیی سەقامگیر، ئەمەش ڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی بۆ ئەو وڵاتە کردووەتە ئەرکێکی قورس و درێژخایەن.

ناوبراو دەستخۆشی لە هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، وەک سعوودیە، قەتەر و ئیمارات کرد بۆ سەقامگیرکردنی سووریا و پێشوازیی لە خۆپاراستنی سەرکردایەتیی سووریا کرد لە وەڵامدانی سەربازیی توند بەرامبەر پەلامارەکانی ئیسرائیل.

باراک ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئامانجەکانی ئیدارەی ترەمپ لەسەر بنەمای دەستکەوتی خۆیانە و جەختی کردەوە که واشنتن کار بۆ کردنەوەی کەناڵە بازرگانی و بانکییەکان دەکات وەک جێگرەوەیەک بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان و پشتیوانیکردنی سەقامگیریی ئابووری و سیاسی لە ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئوسترالیا: ناتانیاهۆ منداڵان برسی دەکات

دڵشاد

عێراق، ئوردن و میسر لە عەممان تاوتوێی پرسی وزە و ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزیان کرد

سەڵاح

سەرۆکی حکوومەت سەرەخۆشی لە ئەنوەر حاجی عوسمان دەکات

سەڵاح