دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ زاگرۆس، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند کە شارەوانی زیاتر لە ٦٠٠ کارمەندی بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش کردووە بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە و ئاوەڕۆکان.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە بەداخەوە لافاوەکە زیانی گیانیی هەبووە و هاوکات زیانێکی زۆری مادییش بەر ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی کەوتووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بەردەوامیی کارەکانەوە، ئاماری ورد و کۆتایی زیانەکان بەردەست نییە.
سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی گواستنەوەش، کارزان هادی ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە و لە هەندێک شوێن، لەوانە “نەفەقی رزگاری”، تا ئێستاش ئۆتۆمبێل لەژێر ئاودا ماونەتەوە. دووپاتیشی کردەوە کە تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان تا تەواوی ئەو شوێنانە پاک بکەنەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ بە تەواوی نەهێڵن.

