ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

شوان محەمەد: سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی كۆتایی به‌ زۆربه‌ی پرسه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنێت

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە سه‌ردانی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، پرسه‌كانی مووچه‌ و نه‌وت و مادده‌ی 140ـی ده‌ستوور ده‌باته‌ پێشه‌وه‌.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کرده‌وە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی ئایاری 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، گەیشتە بەغدا.

شوان محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: سه‌ردانی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، پرسه‌كانی مووچه‌ و نه‌وت و مادده‌ی 140ـی ده‌ستوور ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ سه‌ره‌تای كابینه‌كه‌یدا بڕیاری دا هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك هۆكار بێت بۆ گه‌یشتن به‌ ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان ببووژێته‌وه‌، هه‌نگاوی بۆ بنێت و بیگرێته‌به‌ر و هه‌موو چركه‌ساتێك ئاماده‌یه‌ كار بۆ ئه‌و ستراتیجه‌ بكات.

هەروەها شوان محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا گفتوگۆی جیددی له‌ باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ كراوه‌ و به‌پرسانی عێراقیش وه‌ڵامی ئه‌رێنییان بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ هه‌یه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی كۆتایی به‌ زۆربه‌ی پرسه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى لە کۆبوونەوەکاندا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕان و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت، هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هه‌ر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: “سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت”.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

سەبارەت بە ڕێورەسمى کریسمس و شەوى سەرى ساڵ، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا

سەڵاح

لە توركیا تەقینەوەیه‌ك ڕووی دا و چه‌ندین كه‌س كوژران

سەڵاح

کاری ڕێکخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر دەکرێت

یاسین