zagros news agency

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی تورکیا کرد

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی نوێی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرنگیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کرد کە عێراق و تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە”.

ئاماژەشی بە پێویستیی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەو پرۆژە ستراتیژییەدا کرد.

کونسوڵی گشتیی تورکیا، خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشاندا و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.

چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەفەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند قوتابخانەیەک لە قەزای کۆیە نۆژەن دەکرێنەوە

یاسین

ڕوانگەی سووری: ڕێکخەری پەیوەندییەکانی نێوان حەشدی شەعبی و فیرقەی چوار لە ئەلبوکەمال دەستگیرکرا

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری سەلاحەددین دەکات

یاسین