zagros news agency

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان

 

لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە، کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال، لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.

لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە، کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکارییان کردن.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/7/31

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەلیساندرۆ باستۆنی بردنەوە لە بەرشلۆنە کاریکی زۆر قورس دەبێت

یاسین

مەرجەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێی عێراق ڕاگەیاندرا

سەڵاح

گەشەی ئابووری لە ئێران لەچاو ساڵی ڕابردوو پەنجا لەسەد کەمی کردووە

سەڵاح