ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بە بڕیاری مەسرور بارزانی هاوكاریی دارایی بەسەر 3 هەزار و 500 هاووڵاتیی ئێزدی دابەش دەكرێت

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکاریی دارایی بەسەر زیاتر لە 3 هەزار و 500 هاووڵاتیی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 4/8/2024، سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند: “هاوکارییە داراییەکە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێزدییایە دەگرێتەوە، کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون، تەنانەت ئەوانەی دوای ئازادکردنیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.”

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، دەتوانن بە ئۆنلاین فۆرمێک پڕ بکەنەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەلایەن بنکەی لالشەوە بڵاو دەکرێتەوە و بەردەست دەبێت.

سەرۆکی بنکەی لالش سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە و جەختیشی لەوە کردەوە، سەرۆکی حكوومەت بەردەوام پاڵپشتیی ئێزدییەکانی کردووە و هەوڵی دەستبەرکردنی مافەکانیانی داوە.

کات و شوێنی دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکە بەم شێوەیە دەبێت:

ڕۆژ و ڕێکەوت و شوێنی دابەشکردن

یەکشەممە 4/8/2024 شاریا

دووشەممە 5/8/2024 خانکێ

سێشەممە 6/8/2024 شێخان

چوارشەممە 7/8/2024 دێرەبوون

بە گوتەی سەعید جردۆ، ئەو ڕزگاربوانەی دانیشتووی شنگالن، دەتوانن هەر چوار ڕۆژەکە لە شاریا سەردانیان بکەن، بۆ وەرگرتنی هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت پێک هێنراوە.

هەر لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێزدییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە 18/7/2024، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربوانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربوان تۆمار کراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکوو دەست بە خوێندن بکەنەوە.

لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە:

1- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان خۆیان سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربوان لەو سنوورە نیشتەجێن.

2- تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی ئاماژەپێکراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربوان بۆ سەر خوێندن.

3- هەموو ئەو ڕزگاربوانەی پۆلی 9ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە هەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت، بخوێنن.

4- هەموو ڕزگاربوانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربوان تۆمار کراوە و دەرچوونی پۆلی 9ـی بنەڕەتی بن، مافیان هەیە لە هەموو پەیمانگە ئەهلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ هەر پێنج ساڵی خوێندن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی تایلاند لە ئوردن و عێراق دەکات

یاسین

ڕێژەی خۆکوشتن لە عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

سەڵاح

پێشبینی پله‌كانی گه‌رما

سەڵاح