zagros news agency

پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی 16ی ئاب

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی 78ـەمین ساڵیادی لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو كردەوە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەكەدا رایگەیاند “پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووە”.
جێگری سەرۆكی پارتی راشیگەیاند “پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە”.

دەقی پەیامە پیرۆزباییەكەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:-

بە بۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم.

پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر ، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.

پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتیی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی ، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە. پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەدەستەوەدانی خاک و مافەکانی خەلکی کوردستان بگرێت. چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی ، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت ، چونکە سەرکەوتنی پارتی ، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستانە.

لە یادی شازدەی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی ، بارزانیی مستەفا و سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕووسیا لە سووریا هێرشی کردووتە سەر ٢١ ئامانج

سەڵاح

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیاری حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان

سەڵاح

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح