ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا

بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا و ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش بڵاوکرایەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩/٨/٢٠٢٤ ، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕكرا‌ لە سەر کۆمەڵێک بابەتە هەنوكەیی و گرنگ، هەروەها بڕیارى پێویست وەرگیرا بۆ ئەو بابه‌تانەى کە پێویست بوون و، ئەم تەوەرانەى خوارەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:

یەكەم: تەوەرى سیاسى و پەیوەندییەکانى پارتیمان:

بارودۆخى ناوچەکە بەگشتى و عێراق بەتایبەتى خرایە بەرباس، ڕووداوە گرنگە کاریگەرەکان لەسەر بوارە جیاجیاکانى سیاسى، سەربازى، ئابوورى ناوچەکە، وەکو توخمێکى گۆڕانکارى، تێکچوونى هاوکێشەکان یاخود دروستبوونى هاوپەیمان نوێیان لێدەکەوێتەوە، عێراقیش وەکو بەشێک لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوى بوارەکانى ژیانى خەڵکەکەى هەیە و، پەرەسەندنى ئاڵۆزیەکانیش نیگەرانى زۆرى دروستکردووە. پارتیمان بە بڕوابەخۆبوونەوە لەو نێوەندە دا، زۆر بە وریایى و وردبینى هەنگاو دەنێ بۆ پاراستنى بەژوەوەندییە باڵاکان و قەوارەى هەرێمى کوردستان، لەم ڕوانگەیەوە تەواوى پەیوەندییە ناوخۆیى و هەرێمى و نێودەوڵەتیەکانى لە خزمەتى ڕەواندنەوەى مەترسیەکان و هەوڵدانە بۆ دابینکردنى ئاسایش و دوورخستنەوەى دەرهاویشتە خراپەکانى ئەو ئاڵۆزیانەیە لە هەرێمى کوردستان.

دووەم: تەوەرى حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ:

کێشە و گرفتەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ کە دەبوایە بەگوێرەى دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسى و ئیدارییەکان چارەسەرکرابان، لە سەرویانەوە بابەتى مووچەى فەرمانبەران و بودجەى هەرێمى کوردستان، کە چەندین ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام لەلایەن حکومەتى فیدراڵى عێراق وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و لە ئاکامى بەردەوامى چارەسەرنەکردن و لانەدانى ئاستەنگەکان، خەڵکى کوردستان بەگشتى و مووچەخۆران بە تایبەتى تووشى نیگەرانى بوون و زیانیان پێگەیشتووە. کۆبوونەوە جەخت لە جێبەجێ کردنى دەستوور و رێککەوتنەکان دەکاتەوە و، هانى حکومەتى فیدراڵى دەدات بۆ بەخەمەوە بوونى ئەم بابەتە و چیتر ئەم بابەتە دوانەخرێت و، وەکو ئەوەى کە بریارى لەبارەوە دراوە مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان لە کاتى خۆیدا ڕەوان بکرێت.

سێیەم: تەوەرى پەیوەندییە ناوخۆییەکان:

كۆبوونه‌وه‌، ئارامى وەکو چەمکێکى پڕواتا و پێویستییەک بەتایبەت بۆ قۆناغى ئێستاى هەرێمى کوردستان دەزانێت، ئارامى و یەکترقبووڵکردن بە هەبوونى جیاوازیەکانیشەوە چ لە ڕووى نەتەوەیى یان ئاینیى و ئاینزایى یاخود سیاسى، هۆکارن بۆ ئاوەدانى و پێشکەوتن و دابینکردنى ژیانێکى خۆش و شایستە و،  تەبایى دروستدەکات و، پێکڕا و پێکەوە بەرەو ئاوەدانى هەنگاو دەنرێ، لەم کەش و هەوایەشدا خۆڕاگرى لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان و پیلانى ناحەزان بەهێزتر دەبێت، بۆیە کە هەرێمى کوردستان هەڵبژاردنى لەپێشە لە هەموو کات پێویستترە لە سەر بنەماى پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکان و دەستکەوت و مافەکانى گەلەکەمان و، پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکان و قەوارەى هەرێمى کوردستان یەک هەڵوێست و تەبابین، کەلێن دروستنەکرێت کە لێیەوە ناحەزان و دژ بە مافەکانمان سوود وەرگرن و زیان بە هەرێمى کوردستان بگات. جیاوازیەکانمان نابێ لەسەر حیسابى قەوارەى هەرێم و دەسەڵاتە دەستووریەکانى و ماف و بژێوى ژیانى خەڵکى هەرێم بشکێتەوە، گەل و نیشتمان لە پێشتر و پیرۆزترن لە جیاوازیەکانمان.

چوارەم: تەوەرى دامەزراوە شەرعیەکانى هەرێم:

بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى مێژوویى، هەروەها لە ڕوانگەى ئەوەى کە ئەم دامەزراوانە لە ئاکامى خەبات و تێکۆشانى خەڵکى کوردستان و، بەرگرى و خۆڕاگرى پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنى شەهیدان و پشتیوانى جەماوەرى کۆڵنەدەرى کوردستان بەدى هاتوون، هەروەها ئەم دامەزراوانە وەکو میکانیزمى هێشتنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانن بە یەک پارچەیى، کۆبوونەوە پشتیوانى خۆى بۆ سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێم دووپات دەکاتەوە و، پشتیوانى هەنگاوەکانیان دەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، هەروەها بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.

پێنجەم: تەوەرى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان:

ئاماژە بە بڕیارى کۆبوونەوەى پێشووى کۆمیتەى ناوەندی بۆ جێبەجێ کردنى پەیڕەوى ناوخۆى پارتیمان، هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى هەیکەلى ڕێکخستنى پارتیمان لە سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک و سلێمانى و بەشێکى کەرکوک و گەرمیان ئەنجامدرا، هەڵبژاردنەکانى ئەو ئۆرگانانە بە سەرکەوتوویى کۆتاییان هات، تەواوى کادیرانى بەشدار لەم پڕۆسەیەدا کوڕ و کچى پارتى و ڕێبازى بارزانین، هەموو ئەرک و مافێکیان لەبەرچاو دەبێت. لە لایەکى دیکەوە کۆبوونەوە جەختى لە بەپیرەوەچوونى داواکارى و پێشنیارەکان کردەوە، هەروەها کۆبوونەوە دەستخۆشى ئاراستەى لیژنەى تایبەتمەند و کادیرانى بەشداربووى بەئەنجام گەیاندنى ئەو پرۆسە گرنگە کرد.

شەشەم: تەوەرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان:

دوابەدواى ئەو ئاستەنگە زۆرانەى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دروستکران، کە لە ئاکامدا پرۆسەکە ڕوبەڕوى گرفت و کێشەى زۆر بۆوە و، هەوڵێشدرا پرۆسەکە بە ئاراستەیەکدا بچێت کە بە سوودى هەرێمى کوردستان بەگشتى و پێکهاتەکان بە تایبەتى نەبێت، لە کۆتاییدا بە هەوڵ و کۆششى زۆر، بەشێک لە لادان و بى بەشکردنەکان چارەسەرکران و بڕیارە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کۆبوونەوە جەختى لە بەڕێوەچوونى پرۆسەیەکى پاک و بێگەرد کردەوە و، داوا لە خەڵکى کوردستان دەکات بۆ پڕکردنەوەى بۆشایى دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێریکردن و، هەڵبژاردنى پەرلەمانێکى کارا کە لە ئاست چاوەڕوانى و خواستى خەڵکى کوردستان بێت، بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.

 

حەوتەم: گفتوگۆى هەڤاڵانى بەشداربووى کۆبوونەوە:

هەڤاڵانى بەشداربوو لە کۆبوونەوە، بیروڕایان لە بارەى کار و ئەرکە ئەنجامدراوەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن و هەنگاوەکانى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن و ڕێکارە پێویستەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن دەربڕى و پێشنیارى باش و گونجاو و بەوسودیان بۆ داهاتوو خستە ڕوو.

 

کۆبوونەوە لە کەشێکى ئارام و هەڤاڵانەدا بەڕێوەچوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

مارەی کوژراوانی غەززە لە 35 هەزار و 200 کەس تێپەڕی

سەڵاح

پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی کیمابارانکردنی هەڵەبجە

یاسین

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو

یاسین