ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەسرور بارزانی : سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم، کە پشوویان درێژبووە لەگەڵ ئێمە

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە شارۆچکەی خەبات لە هەولێر ڕایگەیاند، لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێڕای کێشە و قەیرانەکان، بەردەوام بە گوێرەی توانا بایەخمان بە کەرتی پەروەرد داوە، لە سەردەمی پەتای کۆرۆناش ڕێگەمان نەدا پرۆسەی خوێندن بوەستێت، پرۆسەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەشێوەیەکی باش بەردەوام بوو، بەڵام پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن پێویستی بە بایەخدان و وەبەرهێنانی زیاترە.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، “بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەکانمان لە کەشێکی گونجاودا بخوێنن، پێویستیمان بە قوتابخانە زیاتر و پێداویستی زیاتری خوێندن هەیە. پێویستە قوتابخانەکانیش بگەیەندرێن بە ئاستێکی ستاندارد”.

وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد: بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی بارودۆخی کوردستان و نەبوونی پلانێکی تۆکمە و هەموو ئەو فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستان بوون، ژێرخانێکی باش بۆ کەرتی پەروەردە دانەنراوە، هەربۆیە کارێکی زۆرمان لە پێشە تاوەکوو ئەم کەرتە گرنگە پێش بخەین. لەم چەند ساڵەی داوییدا چ وەزارەتی پەروەردە خۆی چ بە هاوکاری کەرتی تایبەت تونراوە دەیان قوتابخانە بنیات بنرێن و بە هەزاران قوتابخانەش نۆژەن بکرێنەوە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ئەوەی لە وەزیری پەروەردە بیستم کە 194 قوتابخانە تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ دروست دەکرێن و هەزار و 670 قوتابخانەش نۆژەن دەکرێنەوە، ئەم 15 قوتابخانەیەی ئەمڕۆکە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت بە هاوکاری کەرتی تایبەتە، ماەویەک لەمەو پێش لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزلێنانمان پێشکەشی ئەو کەسانە کرد کە بەشداربوونە لە دروستکردنی قوتابخانە بۆ کەرتی گشتیی پەروەردە، هەربۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانینمان ئاراستەیان بکەین.

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی هەر لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، دەڤەری خەبات شایستەی خزمەتی زیاترە، هەربۆیە پلان و بەرنامەمان بۆ ئەم دەڤەرە هەیە، ئەمڕۆکەش هەڵبژاردنی ئەم دەڤەرە بۆ دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەکان، ئاماژەیەکە بۆ گرنگیی ئەم ناوچەیە.

سەرۆک وەزیران گوتیشی: بەر لە مانگێک، لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی وانەبێژ دانیشتین و گوێم لە داواکارییەکانیان بوو و بڵاومان کردەوە کە ئەوانە بە گرێبەست دادەمەزرێن، هەر ئەو کاتە بەڵێنم دا و داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، لە وەزارەتی پەرەوەردە و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، ڕێکارەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە مانگێک، بابەتی بە گرێبەستبوونیان کۆتایی بێت، خۆشحاڵم کە بینیم لە کەمتر لە مانگێک ئەم بەڵێنەمان بەدی هێنا، هەر بۆیە هیودارم ئەو مامۆستا بەڕێزانە بتوانن لەمەودوا وەک مامۆستای گرێبەست درێژە بە ئەرکی پیرۆزی خۆیان بدەن.

هەر لە گوتارەکەیدا سوپاسی سەرجەم مامۆستایانی کرد و گوتی: جارێکی دیکە سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم، کە پشوویان درێژبووە لەگەڵ ئێمە، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و ناخۆشیانەی ژیان کە تووشیان بووە، بەڵام بەردەوام بوون لە فێرکردنی قوتابییە خۆشەویستییەکانی ئێمە، بۆیە تەمەنای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

گوتیشی: هەرچەندە ئەمە دەستکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەستکەوتی هەموو خەڵکی کوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بینیمان هەوڵی ئەوەشدرا ڕای گشتیی چەواشە بکرێت و بەلاڕێدا ببرێت، وا بکەن ئەم دەستکەوتانە نادیدە بگرن و لایەنی دیکەی پێ بەرپرسیار بکەن، هەربۆیە ئێمە گوێ نادەینە ئەم قسانە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و بەردەوامیش دەبین، هەربۆیە ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت، بەبێ گوێدانە قسەی ئەملاو و ئەولا لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام دەبین. هەربۆیە جارێکی دیکەش دەستخۆشی لەو وەبەرهێنەرانە دەکەم کە لەم پرۆژە گرنگە بەشدار و هاوکار بوون، هیوادارم نموونەشیان هەر زۆر بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

جامی ئیتاڵیا.. هەرچەندە لازیۆ بردیەوە بەڵام یۆڤی گەیشتە یاری کۆتایی

sirwan

وەزیری ناوخۆ بە نوێنەرایەتیی مه‌سرور بارزانی سەردانی كونسوڵخانەی ڕووسیای كرد و پەیامی هاوخەمی گەیاند

یاسین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حزبی ویفاقی نیشتیمانی دەكات

یاسین