ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەت: پابەندین بە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی خوشك و برایانی ئێزدی و هەموو هەوڵێك دەدەین لەپێناو زیاتر خزمەتكردنیان

 

ئەمڕۆ شەممە 9/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی جووتسایدی ( شێخان-لالش)ی لە پارێزگای دهۆک دانا.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ هەر لەم دەڤەرە، ئێمە بەردی بناخەی شەقامی (باعەدرێ – ئێتیت)مان دانا، بە تەواوبوونی هەردوو پرۆژە، كەرتی گواستنەوە و هاتوچۆ لەم دەڤەرە پێشكەوتنێكی باش بە خۆوە دەبینێت. كاتێك من سەردانی پەرستگەی لالشم كرد، لەسەر داخوازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بۆ دروستكردنی ئەم شەقامە، ئێمە بەڵێنمان پێتان دا كە خوا دەرفەت بدات، ئێمە ئەم شەقامە دروست دەكەین، ئەمڕۆ سوپاس بۆ خوا ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنە بەجێ بگەیەنین.“
هەروەك ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ”بەهۆی بوونی پەرستگەی پیرۆزی لالش، ساڵانە بە هەزاران خوشك و برای ئێزدیمان و خەڵكی دیكەش، سەردانی ئەم دەڤەرە دەكەن، بە تەواوبوونی ئەم شەقامە، زەحمەت و ماندبوونی سەردانكەر و زیارەتكارانی لالش كەمتر دەبێتەوە. ئەم دەڤەرەش لە ڕووی ئابووری و كشتوكاڵی و گەشتیاری و شوێنەواریدا زۆر گرنگە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە ئەم دەڤەرە نموونەیەكی زۆر جوانی كولتووری پێكەوەژیانە لە كوردستان، ئێمە بەو كەلتوورە و گیانی یەكتر قەبووڵكردنە جوانین و سەری ئێمە لە هەموو دونیا بەرزە، بۆیە هەرچی لە دەستمان بێت بۆ خزمەتكردنی ئەم دەڤەرە، كەمتەرخەمی ناكەین.“
مەسرور بارزانی لە گوتارەكەیدا ئەوەی خستەڕوو: ”پرۆژەی گرنگ لەم دەڤەرە و سنووری پارێزگای دهۆك بە گشتی ئەنجام دراون و ئەركی ئێمەیە كە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان بكەین، هیوادارم خوای گەورە پشتیوانی ئێمە بێت و لە هەموو بارودۆخێكیشدا لە كاروانی ئاوەدانكردنی كوردستان بەردەوام بین، سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگاریانەی هاتنە پێشمان، ئەو ڕێگرییانەی كە كران تاوەكوو ئێمە نەتوانین ئەو ئەجێندایەی دامانناوە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، جێبەجێی بكەین، بەڵام سوپاس بۆ خوا و پشتیوانیی میللەتی خۆڕاگرمان، ئێمە بەردەوام بووین و ئینشائەڵا بەردەوامیش دەبین.“
هەروەها باسی لە قوربانیدانی خوشك و برایانی ئێزدی كرد و گوتی: ”خوشك و برایانی ئێزدی بێگومان قوربانییەكی یەكجار زۆریان داوە و گەلەك ئێش و ئازاریان دیوە، سەرباری هەموو ئەو كارەسات و فەرمان و كۆمەڵكوژییەی كە بەسەر ئەواندا هاتووە، بەردەوامن لە بەرگریكردن لە زمان و ناسنامە و كەلتوور و ئایینی خۆیان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووبارەی دەكاتەوە كە پابەندە بە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی خوشك و برایانی ئێزدی و هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو پتر خزمەتكردنی ئەوان و كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری ئەوان. هەروەك ئێمە لە هەوڵی خۆمان بەردەوامین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بە جۆرێك كە گرووپی چەكداری بیانی و میلیشیا لە شنگال نەمێنن و ئیدارەی شنگالیش بكەوێتە دەست خەڵكی ڕەسەنی دەڤەرەكە، ئەمەش تەنیا بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال دەكرێت كە ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەوروبەری تاوەكوو هەموو ئاوارەكانی ئەو دەڤەرە بە سەربڵندی بگەڕێنەوە بۆ دەڤەری خۆیان، هەروەكوو پێشتریش ئێمە گوتوومانە. كوردستان ماڵی هەموو خوشك و برایانی ئێمەیە كە ئێستا لە شنگال و ناوچەكانی دیكەش هاتوون و ئێستا لێرە نیشتەجێن بەهۆی هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر ئەو ناوچەیە یانیش لەبەر هەر هۆكارێكی دیكە. دەرگەی هەموو ماڵێك كراوە بووە، سوپاسی خەڵكی پارێزگای دهۆك دەكەم، خەڵكی شێخان دەكەم، خەڵكی ئەم دەڤەرە دەكەم كە ماڵی خۆیان و نانی خۆیان لەگەڵ خوشك و برایانی دیكە هاوبەش كرد.“
لە كۆتایی گوتارەكەشدا سەرۆكی حكومەت دووپاتی كردەوە: ”دڵنیا بن تاوەكوو ئێمە مابین، دەبێ ئەم وڵاتە وڵاتی پێكەوەژیان بێت، دەرگەی كوردستان كراوە دەبێت بۆ هەر كەسێك پێویستیی بە كوردستان بێت بۆ پاراستنی ژیان و كەرامەتی خۆی، كوردستان ماڵی ئەوان دەبێت. من جارێكی دیكە سوپاسی ئێوە هەمووتان دەكەم، هیوادارم ئەم پرۆژەیەش بكەوێتە خزمەتی ئەم دەڤەرە و خەڵكی هەموو كوردستان و هەموو ئەو زیارەتكارانەشی كە سەردانی پەرستگەی لالشیش دەكەن، سوود لەم پرۆژەیە وەردەگرن.“

هەواڵی پەیوەندیدار

سواڵکەرەکانی عێراق ئامادەنین مووچەی چاودێری کۆمەڵایتی وەربگرن

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. چێڵسی و مان یونایتد نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن

یاسین