هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەدات. ئاماژە بەوەش دەدات: “كە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پارتی خۆی لە بێڕێزی و تەشهیرکردن بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پاراستووە و گوتیشی، ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە وەڵامی هەموو قسە، بێڕێزی و زماندرێژییەکیان بەرامبەر پارتی دەدەینەوە”.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی 10ی 2024، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی لە دهۆک، لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بانگەشە و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ پرۆسەکە، ساز کرد.
هۆشیار زێباری دڵنیایی دا: “شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی و گرژی و ئاڵۆزییەکانی دیکەی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت، دەشمانەوێت حوکمڕانییەکی باش و لێهاتوو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە”.
زیباری گوتیشی: “داوامان لە کونسوڵخانە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە چاودێرییەکی وردی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بۆ ئـەوەی پرۆسەکە بە پاکی و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری بەڕێوە بچێت”.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بە گوتەی زێباری: “پارتی خۆی لە بێڕێزی و تەشهیرکردن بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پاراستووە و ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە وەڵامی هەموو قسە، بێڕێزی و زماندرێژییەکیان بەرامبەر پارتی دەدەینەوە”.
زێباری داوای لەو دەنگدەرانەش کرد کە کارتەکانیان وەرنەگرتووە، سەردانی نووسینگەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتی کردەوە: “ڕێژەیی بەشداریی دەنگدەران بە تایبەت لە دەڤەری بادینان یەکلاکەرەوەیە، واتا چەند ڕێژەکە زیاتر بێت، پارتی کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەست دەهێنێت”.