ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

عێراق.. مێژووی سەرژمێری لە سەردەمی پاشایەتی تاوەکوو ئەمڕۆ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، دوای 27 ساڵ یەکەم سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، هەروەها ئەمڕۆ و سبەینێش قەدەغەی هاتوچۆیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەم سەرژمێرییە بە دەیەمین سەرژمێری لە مێژووی هاوچەرخی عێراق دادەنرێت، هەروەها لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، لە ساڵی 1997 سەرژمێری بەرێوە چوو، بەڵام پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە، چونکە نیمچە سەربەخۆ بوو لە عێراق، و تەنیا 15 پارێزگای لەخۆگرتبوو.
وەک زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق 10 ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت.
بڕیار بوو لە ساڵی 2007 سەرژمێرییەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەوە بۆ ساڵی 2009 دواخرا. پاشان جارێکی دیکە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە یەکجار دواخرا، لە ساڵی 2019ـش دووبارە دواخرا.
قەدەغەی هاتوچۆی گشتی
قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیر لە عێراقدا سەپێنراوە، لەگەڵ داخستنی تەواوەتی و قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە نێوان شارەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزەکانی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان جێگیرکراون، قەدەغەی هاتوچۆ حاڵەتە مرۆیی و پێویستەکان ناگرێتەوە.
سەرژمێری ئێستای دانیشتوان لە عێراق جیا دەکرێتەوە لە سەرژمێرییەکانی پێش خۆی بەوەی بەشێکی پەیوەندیدار بە نەتەوە یان مەزهەبی تێدا نییە، بەو پێیەی تەنیا لە ناسینەوەی ئاییندا سنووردارە.
نەبوونی ناسیۆنالیزم لە فۆڕمی سەرژمێریدا نیگەرانی لای کورد و تورکمان دروست کردووە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەی کە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بەدی دەکرێت.
بۆ یەکەمجار هەموو قۆناغەکانی سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت، لە پڕکردنەوەی داتاکانەوە تا ناردنی، پاشان هەژمارکردنی و پۆلێنکردنی.
گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق چییە؟
سەرژمێری کردنی دانیشتوان لە عێراق ئامانجی بەدەستهێنانی داتای وردە سەبارەت بە پێکهاتەی دیمۆگرافیای وڵات، چونکە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان هاوکار دەبن بۆ داڕشتنی پلان و پرۆگرامی کاریگەری گەشەپێدان.
عێراق لە ساڵی 1920ەوە تا ئێستا 9 سەرژمێری دانیشتوانی کردووە، یەکەم سەرژمێری لە ژێر ئیدارەی بەریتانیادا کراوە، لە کاتێکدا سەرژمێری نۆیەم لە ساڵی 1997 کراوە.
لە ساڵی 2019دا بڕیار بوو سەرژمێرییەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرا، چونکە لەو کاتەدا ئەستەم بوو 150 هەزار توێژەری مەیدانی ڕاسپێردرێت بۆ سەردانیکردنی ماڵەکان لەو هەلومەرجەدا.
سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق بەم شێوەیە ئەنجام دراوە:
– یەکەم سەرژمێری لە ساڵی 1920 لە سەردەمی ئیدارەی بەریتانیا لە عێراق کراوە.
– دووەم سەرژمێری لە ساڵی 1927 کرا، بەڵام ئەنجامەکانی هەڵوەشایەوە بەهۆی ئەو هەڵە زۆرانەی کە لە پرۆسەکەدا هەبوو.
-سێیەم لە ساڵی 1934 بە مەبەستی هەڵبژاردن کراوە.
-چوارەمیان لە ساڵی 1947 ڕوویدا و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، ئەمەش وایکرد حکوومەتی “شانشینی عێراق” لەو سەردەمەدا یاسایەک دەربکات کە تێیدا 10 ساڵ جارێک سەرژمێری دانیشتوان بکرێت.
– پێنجەم ساڵی 1957 بوو کە دوا سەرژمێری بوو لە سەردەمی پاشایەتیدا.
-شەشەم لە ساڵی 1965 و یەکەم سەرژمێری بوو لە سەردەمی کۆمارییەکان.
– حەوتەم لە ساڵی 1977 ڕێکخرا.
– لە ساڵی 1987 سەرژمێری هەشتەم کرا.
– نۆیەم سەرژمێری لە ساڵی 1997 کراوە کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە.
کەی ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق ڕادەگەیەنرێت؟
عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی سەرژمێری سەرەتایی دانیشتوان ئاشکرا دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تەواو کراون.
هینداوی ئاماژەی بەوەدا کە سەرژمێرییەکە هەموو عێراقییەکان دەگرێتەوە بە ئاوارەکانیشەوە.
ئا:ج

هەواڵی پەیوەندیدار

په‌روه‌رده‌: مامەڵەی مامۆستایانی گرێبەست رایی ده‌كرێت

سەڵاح

بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر سێ کەس دەستگیر کران

یاسین

سبەی پارەی ئەم توێژە خەرج دەکرێت

یاسین