ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

راگەیندراوێک لە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە ھەمواری یاسای بوودجە تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و جەختیش لە ھەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٢ـی شوباتی ٢٠٢٥، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ھاتووە، سەبارەت بە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی تایبەت بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ڕادەگەیەنین کە حکوومەتی ھەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی ھەمواری یاسای بوودجە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەی ھاوبەشمان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ئەوە دووپات کرایەوە کە جێبەجێکردنی ھەمواری یاساکە پێویستی بە ڕێککەوتنێک لەسەر بڕی تێچووی دەرھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە.

ھاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پێویستە ڕێککەوتن لەبارەی میکانیزم و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکان بکرێت.

ھەر پێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت لە پێویستی خێراکردنی چارەکردنی سەرجەم ئەو کێشانە دەکاتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە، هەروەها حکوومەتی ھەرێم جەخت لەسەر پێویستی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بە زووترین کات دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٢ـی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارەکانی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە تەواو کراون.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە پێی میکانیزمەکانی ھەمواری یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵ و بە گوێرەی ئاستی دیاریکراوی بەرھەمھێنانی نەوت دەبێت لە ڕێکخراوی ئۆپێک.

ھەروەھا وەزارەتەکە داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی بەرھەمھێنراوی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ) بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

وتاری سەرۆك بارزانی لە كەرنەڤاڵی جەماوەری هەولێر

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

یاسین

لە كۆی 180 وڵات، عێراق لە ریزی 10 پیسترین وڵاتانی جیهاندایە

سەڵاح