zagros news agency

پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابیان و لاوانی کوردستان بۆ یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

 

سڵاو و ڕێز..

لە دڵەوە و بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ بەستن و سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەتان‌، بەو ھیوایەی ئەم ھەنگاوە گرنگەتان، سەرەتایەکی نوێی کارا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتر و باشتری قوتابیان و لاوان لە کوردستان و بەھێزکردنی ئامادەیی و ڕۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی وڵات و کۆمەڵگەدا. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر دەنێرن کە بە ڕاسپاردە و فەرمانیان، یەکێتییەکەتان دامەزرا.

ھەردوو ڕێکخراوەکەتان، چ پێکەوە، چ جیا، بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ، ڕۆڵی بەرچاویان لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، ڕێکخستنی توانای قوتابیان و لاوان، بەرگریکردن لە مافەکانیان و چەسپاندنی گیانی نیشتیمانی و بەرپرسیاریەتی، گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە تەنھا لە بواری پەروەردەیی و کۆمەڵگەییدا سنووردار نەبووە، بەڵکوو درێژبووەتەوە بۆ گۆڕەپانەکانی خەبات و شۆڕش. زۆرێک لە ئەندامەکانتان پێشمەرگایەتییان کردووە و لەپێناو ئازادیی کوردستان و شکۆی گەلەکەیدا، شەھیدیان داوە. بەشداریتان لە ئامادەکردنی چەندین نەوەی کادیراندا کردووە کە بوونەتە سەرکردە و کەسانی کاریگەر لە ژیانی سیاسی، حکوومی و خزمەتگوزاریی گشتیدا.

قوتابیان و لاوان، لە مێژووی درێژی خەباتدا، ھەمیشە سەلماندوویانە کە باوەڕیان بە بەھاکانی گۆڕانکاری، پێشکەوتن و ئازادی ھەیە. ئەوان تەنھا چاودێری گۆڕانکارییەکان نەبوون، بەڵکوو لە ھەموو بوارەکاندا، دروستکەریان بوون. ئێستاش دروشمی کۆنگرەکەتان: “پەروەردە، زانست، تێكۆشان” تەنھا وشە نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە کە گوزارشت لە تێگەییشتن و ڕۆڵ و ئەرکتان دەکات. بۆیە لەو دۆخە ھەستیارەی کە ناوچەکە بەگشتی تیایدایە، ڕۆڵتان لە پشتگیریکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و زانستی، بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی قوتابیان و لاوان و داکۆکیکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانیان بە گیانێکی ھۆشیار و دووربینەوە، گەورەتر دەبێت.

داھاتووی وڵات لە ئەستۆی ئێوەدایە، بۆیە دەبێ نموونە بن بۆ نەوەکانی داھاتوو و بە گیانێکی پڕ لە ھیوا و متمانەوە سەیری دواڕۆژ بکەن. خۆتان بە زانست و زانین و تەکنۆلۆجیا چەکدار بکەن و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی نوێدا، بگونجێنن. ئێوە پردی پەیوەندیی نێوان لاوان و قوتابیانی کوردستان و جیھان و دەنگی ئەوانن لە گۆڕەپانەکانی کاریگەری و گۆڕانکاریدا. دوای یەکگرتنەوەتان دەبێ کاری زیاتر بکەن بۆ پارێزگاری لە گیانی ھاوکاری و لێبوردەیی و ھەمیشە بەرگریکار بن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کرانەوە و کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئەو بەھایانەی لە کوردستان شانازییان پێوە دەکەین.

لە کاتێکدا شانازی بە ئەندامیەتی و کارکردن و خزمەتکردنم لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا دەکەم کە بۆ من وەک قوتابخانەیەک وابوو، دڵنیاتان دەکەمەوە وەک ھەمیشە، پشت و پەنا و ھاوکارتانین. لە ھەموو کار و ھەنگاو و ھەوڵێکی دڵسۆزانەتاندا لەپێناو بەرەوپێشبردنی نەوەیەکی ھۆشیار و کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووی مەدەنی و گۆڕینی توانای لاوان بۆ ھێزێکی کارای بنیاتنەر، پشتوانتانین و لەگەڵتاندا دەبین.

پیرۆزبایی لە ستافی نوێتان دەکەم، ھیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

ھەر شاد بن.

 

نێچیرڤان بارزانی

٢٠٢٥/٥/١٥

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران: وەستاندن لە پیتاندنی یورانیۆم بۆ ٦٠٪ لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکان دەبێت

سەڵاح

پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای “توندکردنی سزای سیخوڕی”ی پەسەند کرد

یاسین

دیموکراتەکانی ئەمریکا هەڵمەتێکیان بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات ئیلۆن مەسک دەستپێکرد

سەڵاح