ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ جه‌ژنى نه‌ورۆز

 

نه‌ورۆز، جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌يى و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى، به‌ گه‌رمى له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ هه‌ر كوردێك و هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ هه‌ركوێ بن‌، پيرۆز ده‌كه‌م. هيواى ساڵێكى تازه‌ى پڕ له‌ خۆشى و ته‌ندروستيى باش، ئارامى و ئاسووده‌يى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

ئه‌مڕۆ كه‌ به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، به‌ گيانى به‌رپرسياريه‌تيى نيشتمانى و به‌ لێكگه‌يشتن، ناكۆكييه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن تا بتوانين پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ و ئاڵنگارييه‌كان ببينه‌وه‌ و فيدراڵى و قه‌واره‌ى سياسى و ماف و ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانمان بپارێزين. هه‌مووان له‌ هه‌مان كه‌شتيداین و ئه‌گه‌ر هاوهه‌ڵوێست و يه‌كڕيز باین، دۆخه‌كه‌ به‌ ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌يشت.

گه‌لى كوردستان هه‌رگيز واز له‌ ئازادى و مافه‌كانى ناهێنێت. مێژوو سه‌لماندوويه‌تى تا نكۆڵى له‌ كورد و كوردستان بكرێت و مافه‌كانى پێشێل بكرێت، عێراق خۆشى و سه‌قامگيرى به‌خۆيه‌وه‌ نابينێت. با هه‌موومان له‌ عێراق له‌ هه‌ڵه‌كانمانه‌وه‌ فێر ببين. جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور و فيدراڵى و ڕێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان، ده‌ستيده‌ستيكردن به‌ شايسته‌كان و هه‌وڵى بچووككردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و پێشێلكردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، جگه‌ له‌ زيان هيچ سوودێكى بۆ عێراق نابێت.

له‌م جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌دا جه‌خت له‌ بڕوا و سياسه‌تى نه‌گۆڕمان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت. خوازيارى په‌يوه‌نديى باش و دۆستانه‌ و دراوسێيه‌تيى باشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش. هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا پيرۆزبايى له‌و گه‌لانه‌ش ده‌كه‌ين كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن و ئه‌م ياده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

سوپاسى تێگه‌يشتن و گيانى به‌رپرسياريه‌تى و خۆڕاگريى فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م. له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگادارى بارى ژيان و گوزه‌رانيانين. چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م دۆخه‌، كارى له‌پێشينه‌ى هه‌موومان له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌. دڵنيايان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ختيانه‌ش تێده‌په‌ڕن و ده‌بنه‌ ڕابردوو. به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ژيان و داهاتوويه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێين و كوردستان بۆ هه‌ميشه‌ وڵاتى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى ده‌مێنێته‌وه‌.

نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌تان پيرۆز،

هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/3/20

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكی هه‌رێم: مسته‌فا زه‌لمی سیمای چاکسازی و نوێکردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاساییدا

سەڵاح

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی تازە دەردەكات

سەڵاح

سوپای پاسداران هەواڵی دروست‌کردنی جۆر درۆنێکی نوێی بڵاو کردەوە

سەڵاح