وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا کرد کە بووە هۆی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل و جەختی لەوە کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، “پابەندبوونی بەردەوامی خۆمان بە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی گەلانی ناوچەکە و رێگری لە فراوانبوونی ململانێکان دووپات دەکەینەوە.”
راشیگەیاند، “دەستخۆشی لە دەوڵەتی قەتەر دەکەین بۆ هەوڵە دیپلۆماسی و نێوەندگیرییەکانی، کە بەشداربووە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش رەنگدانەوەی رۆڵی قەتەرە لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.:
ئاماژەی بەوەش دا، “پێویسته هەردوولا بەتەواوی پابەندی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بن، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگەیەکەی لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکان و هیوادارین ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی راستەقینە بێت بەرەو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام بۆ گرژییەکانی ئێستا لەڕێگەی چوارچێوەی ئاشتیانە و دیپلۆماسییەوە.”

