zagros news agency

نووسراوێکی بەپەلە بۆ بەشێک له مامۆستایان و فەرمانبەران دەرکرا

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی خانەنشین دەبن، نووسراوێكی كرد، بەرپرسێكی پەروەردەش جەخت دەكاتەوە، ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی ئارەزوو دەكەن، لەبڕی 1ی7 تاوەكوو كۆتایی ساڵ بەردەوام بن لە ئەرك و وەزیفە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە لە رۆژی 29ی6ی 2025، دەرچووە و كۆپییەكی دەست (ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس) كەوتووە، نووسراوەكە بۆ گشت پەروەردەكان رەوانە كراوە، داواكراوە بەپەلە ناوی بەشێكی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیان بۆ رەوانە بكرێت.

ئاماژە بەوە كراوە كە لەسەر رێنوێنی و بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگادارتان دەكەینەوە: “ناوی ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی پەروەردەمان بۆ رەوانە بكەن كە لەدایكبووی 1ی 7ی 1965ن و لە 1ی 7ی 2025 خانەشین دەبن و دەیانەوێت تاوەكوو 31ی12ی2025، بەردەوام بن لە خزمەت.”

ئەوەش لە نووسراوەكەدا هاتووە: “پێویستە ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانە داواكاری پێشكەشی پەروەردەی قەزاكانی خۆیان بكەن و لە رێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆمان بەرز بكرێتەوە، بە مەربەستی دیراسەكردن و رەزامەندی.”

بەپێی رێنوێنیی دارایی ژمارە 3ی ساڵی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە 18ی 6ی 2025 دەرچووە “وەزیر، یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، یان پارێزگار، بۆیان هەیە كۆتایی ساڵی رۆژژمێری، بە رێكەوتی لەدایكبوون هەژمار بكەن، لەبری (1ی7) لەو ساڵەدا.”

لای خۆیەوە سوهێل تاهیر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە یەكەی سەرپەرشتیاری، رایگەیاند: “ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی ئارەزوو دەكەن لەبڕی 1ی7 تاوەکوو كۆتایی ساڵ بەردەوام بن لە ئەرك و وەزیفە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن و سوودمەند بن لە بڕیاری وەزارەتی دارایی.”

باسی لەوەش کرد، دەبێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا داواکارییەکان پێشکەش بکرێن

ئاماژەی بەوەش دا: “بڕیارەكە كارێكی باشە، چونكە لەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا خانەنشین كراون، دواخستنی خانەنشینییان وا دەكات مامەڵەكانیان باشتر رایی بكرێت و بۆشاییش لە قوتابخانەكان دروست نەبێت.”

بەشێك لەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ، دەکەونە 1ی7، چونكە ساڵانی شەست و حەفتاکان بەهۆی نادیاریی رۆژی لەدایكبوونیان ناسنامەی لەدایکبوونیان لە 1ی7 بۆ تۆمار كراوە.

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی بێنفیکا؛یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید دەبێ سڕ بکرێت

یاسین

کاتی گەڕانەوەی بێلینگهام دیاریکرا

یاسین

گۆتێرێس: جیهان پێویستی بە فرەجەمسەرییە نەک هەژموونی تاکلایەنە

سەڵاح