zagros news agency

‎د.محەمەد خورشید بۆ زاگرۆس: له‌16ی ئابدا هەڵەبجە هەمیشە لەپێش چاوی سەرکردایەتی پارتی بووە بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی

به‌رپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌لێت: “١٦ی ئاب، ڕۆژێکی پڕ لە واتای مێژوویی و نیشتمانییە بۆ گەلی کوردستان، ڕۆژێکە کە یادەوەریی هەوڵ و کۆششی بێوچانی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکاتەوە. بەم بۆنە پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرکردە و ڕەمزی خەبات و قوربانیدان، دەکەین”.

د.محەمەد خورشید، بۆ ئاژانسی زاگرۆس ده‌لێت: ” لە دایکبوونی ڕابەری بزووتنەوەی ڕرگاریخوازی گەلەکەمان سەرۆک مەسعود بارزانی، هەڵهاتنی خۆری هیوای نەتەوەی کورد بوو.پارتی دیموکراتی کوردستان لە مێژووی پڕ لە سەروەری خۆیدا، هەمیشە پێشەنگی خەبات و تێکۆشان بووە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان. لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی ئەیلوول و گوڵانەوە، تا ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی ١٩٩١، و دواتریش پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و قوربانیدان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی، پارتی هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدا بووە.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ئەم خەباتە مێژووییە، کە بە هەزاران شەهید و برینداری بەخشی، بناغەی دامەزراندنی قەوارەیەکی دەستووری و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا دانا. ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەیی بوو کە ئیرادەی گەلی کوردستانی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە جیهان ناساند، سەرۆک بارزانی وەک ڕابەر و سەرکردەی ئەو پڕۆسە مێژووییە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی.

راشی گه‌یاند: لە سایەی سیاسەتی حەکیمانە و پڕۆژەی نیشتمانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هەرێمی کوردستان بووەتە لانکەی ئارامی و پێکەوەژیان. لەکاتێکدا ناوچەکە بە گشتی ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو، نموونەیەکی درەوشاوەی ئاوەدانی و پێشکەوتن پێشکەش دەکات. ئەم ئارامی و سەقامگیرییە، ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕەخساندووە.

به‌رپرسی لقی 12ی پارتی گوتیشێ: “پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک پارتێکی نیشتمانی و خاوەن پڕۆژەی گشتگیر، هەمیشە گرنگییەکی تایبەتی بە شاری کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان داوە. کەرکووک وەک دڵی کوردستان و سیمبولی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی، خاوەن پێگەیەکی تایبەتە لە هزری پارتی و سەرۆک بارزانیدا. پارتی بەردەوام لە هەوڵداندا بووە بۆ گەڕاندنەوەی شاری کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر خاکی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، کە تاکە ڕێگا چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانەیە بە شێوەیەکی دەستووری و دیموکراسی. هەروەها، گرنگیدان بە سنوری پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، کە سیمبولی قوربانیدان و ستەمکارییە، یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە نیشتمانییەکانی پارتی. هەڵەبجە، شاری قوربانیدان و خەمخۆرییە، و هەمیشە لەپێش چاوی سەرکردایەتی پارتی بووە بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەدان دەرچووی بەشی پزیشکی لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندانیان کرد

یاسین

به‌وێنه‌… سروشتی جوان و ڕازاوەی گوندی مێرۆز لە دەڤەری مزووریی باڵا

سەڵاح

سەرۆک‌کۆماری تورکیا بەشداری لە لووتکەی ناتۆ دەکات

یاسین