وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەرجی دەرمان زیاد کراوە و بەغدا 50%ـی پشکی کوردستان لە دەرمان دەنێرێت.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کێشەی نەمانی دەرمان لە هەولێر و دهۆک هەیە و بودجەی دابینکردنی دەرمان حەوت ملیار دینارە، بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو ملیار دینار بۆ بودجەی کڕینی دەرمان زیادکراوە، بۆ یەکەمجار بودجەی دەرمان لە کابینەی نۆیەم زیادکرا.
وەزیری تەندروستی گوتی: دەسەڵاتی کڕینی دەرمان بە هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان دراوە وەکو یەک بەبێ جیاوازی، هەروەها کێشەی کەمی دەرمان بەهۆی نەبوونی نەختینە بوو لە بانکەکان، لە پارێزگای سلێمانی کێشەی نەبوونی نەختینە لە بانکەکان هەیە.
وەزیری تەندووستی باس لەوە دەکات، بەردەوام دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دیکە دەگوازینەوە، زۆرجار دەرمان لە کۆگاکانی هەولێرەوە نێردراوەتە سلێمانی.

