zagros news agency

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی روسیا لە عێراق دەکات

 

رۆژی یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە بەڕێز ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسیی و گۆڕانگاری و پێشهات و ئاڵنگارییەکان لە عێراق و ناوچەکە کرا. هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و درێژەدان و بەردەوامی پێشخستنی ئەم رێککەوتنە بە گرنگ زانرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجام و هەنگاوەکانی دوای ئەم پڕۆسەیە و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداری هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان.

پەیوەندییەکانی نێوان روسیا لەگەل عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

بلینکن: ئەمەریکا له‌ ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا پابه‌نده‌

سەڵاح

تورکیا بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی یەکێتیی ئەورووپا کرا

سەڵاح

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: کەمکردنەوەی مووچە، كاردانه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌ێته‌وه‌

یاسین