مامۆستایهكی زانكۆ له سلێمانی ئاماژه بهوه دهكات كه عێراقی دوای 2003، بە ڕێككەوتن لەنێوان پێكهاتەكانیدا بنیات نرایەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی دروستكردنەوەی عێراقیان كرد، مەرجی هەمووان ئەوەبوو كە هیچ پێكهاتەیەك نەبێتە تاكە بڕیاردەری بێ چەندوچوون لە عێراقدا و بڕیارەكان بە پێكەوەیی بدرێن. لەو دۆخەدا هەمووان لەیەكتر بەگومان بوون، عەرەبی شیعە لە ئەزموونی ڕابردوو دەترسان و عەرەبی سوننە مەترسییان لەداهاتووی خۆیان هەبوو، بەڵام كورد و هەرێمی كوردستان هەم ترسی لە ڕابردوو هەبوو، هەمیش لەداهاتووی نادیار دەترسا، ئاخر كورد ئەزموونی خوێناویی ڕابردووی بینیبوو و دەیزانی لە وڵاتێكدا كە بەزۆر دروست كرابێت، ئەستەمە ئارامی و ئاسایشی خۆی مسۆگەر بكات، ئەگەر گەرەنتییەكی بەهێزی نەبێت.
دڵشاد نامق فەرەج، مامۆستا زانكۆ له سلێمانی بۆ زاگرۆس گوتی: “دەستووری عێراقی فیدراڵ ئەو گەرەنتییە بوو كە چاوەڕوان دەكرا هەمووان پێیەوە پابەند بن و لە ماف و ئەركدا چەمكی هاووڵاتیبوون بكاتە واقیع، بەڵام فەرامۆشكرنی ئەو دەستوورە عێراقی بەرەو هەڵدێریك برد و هیچ كام لە پێكهاتەكانی تیایدا هەست بە ئارامی و متمانە ناكەن. هەر زوویش پارتی و سەرۆك بارزانی دركیان بە مەترسییەكانی ئەم وەلانانەی دەستوور كرد، هەر ئەوكاتەی لە 2011-2005 كە پێكهاتەی عەرەبی سوننە بە پاساوی تیرۆر پاكتاو دەكران، ئاماژەكانی نادڵنیایی و بەلاڕێداڕۆیشتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەركەوتن، هەتا گەیشت بە جووڵاندنی هێز لە دژی كورد و وەلانانی ئەو ماددە دەستوورییانەی مافەكانی گەلی كوردستان زامن دەكەن، لە تەواوی وێستگەكانیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی زوڵاڵ مەترسییەكانی خستووەتە ڕوو و داوای گەڕانەوە بۆ دەستووری كردووە و ویستوویەتی ببێتە سەنگی مەحەكی حوكمڕانیكردن لە عێراقدا.
ئهوهشی خستهروو: ئەم پێداگرییەی پارتی لەسەر گەڕانەوە بۆ دەستوور شەرعییەتێكی گەورەی بە (خیتاب) گوتار و هەڵوێستی پارتی بەخشیوە، بە شێوەیەك سەنگی پارتی قورس كردووە كە ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش پشتیوانیی هەمان گوتار دەكەن، چونكە گەڕانەوە بۆ دەستوور تەنیا لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، بەڵكوو لە بەرژەوەندیی گشت پێكهاتەكانی عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش وا دەكات عێراق نەبێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێكانی و لەسەر ئاسایشی جیهانییش، وەك بینیمان وەلانانی دەستوور داعشی بەرهەم هێنا كە ئاسایشی جیهانی خستە مەترسییەوە، وەلانانی دەستوور میلیشیای بەرهەم هێنا كە بووە مۆتەكە بەسەر ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەكەوە و ئابووریی عێراقیشی بەرەوڕووی مەترسیی گەورە كردەوە و خەریكە عێراق پەلكێشی جەنگێكی مەترسیدار دەكات. وەلانانی دەستوور وایكرد دەوڵەتی عێراق لە ئاستی جیهانیدا نەتوانێت نوێنەری گشت گەلانی عێراق بێت، بەڵكوو وەك نوێنەری تایەفە و پێكهاتەیەكی دیاریكراو تەماشای بكرێت.
راشی گهیاند: ئەمانە هەمووی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، پارتی لە كێبڕكێی سیاسیی عێراقدا چەكێكی بەهێزی بەدەستەوەیە كە شەرعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی هەیە، تاكە بەڵگەنامەی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە كە هەموو عێراقییەكان ڕازیین ببێتە دادوەر لەنێوانیان، ئەویش دەستووری عێراقی فیدراڵییە.

