لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن پشت بە هیچ وڵاتێک نابەستین.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە پێش بەربانگ، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چاودێریی بینینی مانگ دەکەن بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان گووتی: ئەگەر بە بەڵگەوە ئەمڕۆ دووشەممە مانگ بینرا ئەوا ڕۆژی سێشەممە واتە سبەی یەکەم ڕۆژی جەژن دەبێت، بەڵام ئەگەر مانگ نەبینرا، ڕۆژی چوارشەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن.
ھەروەھا نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن پشت بە هیچ وڵاتێک نابەستین، تا ئێستا ناتوانین پێشبینی بکەین کەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە، چونکە ئەم پرسە پەیوەندیی بە شەریعەتەوە هەیە.
وەزارەتی ئەقافی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتان رۆژی دووشەممە رێكەوتی 11ی ئاداری 2024ی وەك یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری كرد، بۆ یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان تا ئێستا لەنێوان رۆژی سێشەممە و چوارشەممە یەكلایی نەبۆتەوە.
رێباز یونس