جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، مایکڵ ریگاس، گەیشتە پایتەختی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێکدا کە ئامانجی پتەوکردنی هاوبەشی نێوان بەغدا و واشنتن و پشتگیریکردنی هەوڵە هاوبەشەکانە بۆ بەهێزکردنی سەروەری، سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات.
له پەیامێکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، ریگاس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن جۆشوا هاریس، کارگێڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لێکرا.
بە گوێرەی ناوەڕۆکی نووسینەکە، ئەم سەردانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێز دەکات لەڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بۆ پشتگیریکردنی ئامانجە هاوبەشەکانی پەیوەندیدار بە بەدیهێنانی سەروەری و گەشەسەندن.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ریگاس زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەکانی هاوکاری سیاسی، ئابووری و ئەمنی، جگە لە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی کارکردنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
هەروەها گوتبووی، ریگاس بەشداری لە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەکات، کە به گوتەی واشنتن، هەنگاوێکە و پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکا بە پشتگیریکردنی عێراق و هاوبەشەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

