ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەنفال “تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان”. دەشڵێت، “بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 36 ساڵەی یادی ئەنفال؛ لە راگەیەندراوێکدا گوتی، “ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە”.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان، وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ کردووە، “لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون”.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەهۆی هێرشی داعش لە بیابانی ڕەقە ١١ کەس گیانیان لەدەست دا

سەڵاح

سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین

سەرۆک بارزانی بە دوو کۆپلەی شیعری یادی ریفراندۆم دەکاتەوە

سەڵاح