کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێکی مرۆیی ئاراستەی سەرجەم کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کرد، بۆ ئەوەی بە هانای ئاوارە و زیانلێكەوتووانی حەلەب لە ناوچەی عەفرین بچن. لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی سەرمایەکی توند و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان، دانیشتووانی ناوچەکە لە دۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدا دەژین کە لە سەرووی توانای وەڵامدانەوەی ئێستایە
کۆنفیدراسیۆنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا “کێشەکە تەنیا سەربازی یان سیاسی نییە، بەڵکو پێش هەر شتێک دۆخێکی مرۆییە” و پێویستی بە هەڵوێستێکی خێرا هەیە. هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی کراوە لە عەفرین و حەلەب، کە وەک سەرەکیترین لایەن سەرقاڵی گەیاندنی یارمەتییەکانە بۆ خێزانە زیانلێكەوتووەکان.
بۆ ئەم مەبەستە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی چەند داواکارییەکی خستووەتە ڕوو:١. پشتیوانیکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگە فەرمییەکانەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.٢. بڵاوکردنەوەی ژمارەی هەژمارە بانکییە پەسندکراوەکان لە میدیاکاندا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک.٣. گەیاندنی ئەم بانگەوازە بە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە ئارەزووی بەشدارییان هەیە لەم ئەرکە مرۆییەدا.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، کە پشتیوانیکردنی خەڵکی لێقەوماو لەم کاتە هەستیارەدا نیشانەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەڵێن: “ئێستا کاتی کردارە، پشتیوانی ئێوە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەردەوامیی کارە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی ئێمە.”

