وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ و ڕاپەڕین) کردووە، ڕایگەیاند کە پڕۆگرامی خوێندنی بۆ ساڵی 2025-2026 کەمکردووەتەوە.
بەپێی نووسراوە فەرمییەکەی وەزارەت، ئەم بڕیارە لە پێناو بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندکاران دراوە. تێیدا هاتووە کە چەند بەش و بابەتێکی پڕۆگرامی خوێندن کە لە خشتەیەکی هاوپێچدا دیاری کراون، بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی (بۆ هەردوو لقی زانستی و وێژەیی) و تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی داواکراو نابن.
ئەم هەنگاوە دوای هەڵسەنگاندنی ڕەوشی خوێندن و بە مەبەستی سووککردنی ئەرکی سەر شانی قوتابیان لە کاتی تاقیکردنەوە کۆتاییەکانی ساڵی خوێندنی 2025-2026 نراوە. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە تەنیا ئەو بابەتانە لە تاقیکردنەوەکاندا دێنەوە کە لە دەرەوەی خشتەی لادراوەکاندان.

