ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە بە پەرۆشیەوە هاتوونەتە سەر هێڵ و بە بایەخەوە ڕا و تێبینیەكانی پارتیان وەرگرتووە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت. بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت. سەرۆك بارزانی هیواشی خواست كە بە بەشداریی هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوو و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەورووپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات. ڕاشیگەیاند كە هەم یەكێتیی ئەورووپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

هاتووچۆی سلێمانی دانانی قووچەکی فسفۆری قەدەغە دەکات

یاسین

مەحما خەلیل: ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بوونی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری نایاساییە

دڵشاد

سەرۆك بارزانی: دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار خوشك و برای كوردی فەیلی تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو

سەڵاح