zagros news agency

فوئاد حوسێن: حکومەتی تورکیا ئامادەیە هاوڵاتییانی خۆی کە تێوەگلاون لە دۆسیە تیرۆر وەربگرێتەوە

 

وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن، ئەمڕۆ دووشەممە ڕەزامەندیی حکومەتی تورکیای بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە تێوەگلاون لە دۆسیە تیرۆر، هاوکات جەختیشی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی ناوخۆییە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: “وەزیری دەرەوە لە بەغداد پێشوازی لە تۆماس باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و وەفدی هاوڕێی کرد”. لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییە پەرەسەندووەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا و جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە قۆناغە جیاوازەکاندا کرایەوە، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
باراک دەستخۆشی لەو هەنگاوە گرنگەی حکومەتی عێراق کرد بۆ گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە دەرەوە بۆ ناو زیندانەکانی عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانیدا.
لای خۆیەوە وەزیر جەختی کردەوە کە “عێراق بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات بۆ گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی تێوەگلاون لە دۆسیە تیرۆریستییەکان بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆیان”، هەروەها ستایشی ڕەزامەندیی حکومەتی تورکیای کرد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ئەندامانەی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکین.
بەپێی بەیاننامەکە، لە دیدارەکەدا باس لەو ڕێککەوتنە کرا کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی ڕاگواستن (ئینتیقالی) لە سوریا واژۆ کراوە. هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم ڕێککەوتنە و پێویستیی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی دەربڕی، بەهۆی ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی لەسەر بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا هەیەتی.
هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ڕەوتی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا کرا. وەزیری دەرەوە جەختی لە مەترسیی هەڵگیرسانی هەر جەنگێکی ئەگەری و لێکەوتەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە کردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق پشتگیری لە ڕێگەی ئاشتییانە دەکات و پشتگیرییەکی بەهێزی خولی داهاتووی دانوستانەکان دەکات کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێف بە نێوەندگیریی عومان لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەبچێت.
لە لایەکی ترەوە، هەردوولا بە وردی باسیان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و ئەو تەحەددییانە کرد کە پەیوەستن بە کاندیدانی هەردوو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمار، و نێردە ئەمریکییەکە دیدگای وڵاتەکەی لەو بارەیەوە خستەڕوو.
وەزیر جەختی لەوە کردەوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی ناوخۆییە، بە ڕەچاوکردنی ڕای هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک وڵاتێکی هاوپەیمان، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێویستیی هەر حکومەتێکی نوێی عێراق بۆ کارلێکی ئەرێنی لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی تر. هەروەها جەختی لە “پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی لە قۆناغی داهاتوودا تاوەکو تەواوبوونی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق” کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌مه‌ريكا دەكات

یاسین

پەیامێكی سەرەخۆشی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

یاسین

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 65 کاندیدی دوور خستەوه

یاسین