لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت. حکومەتیش وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاریی هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین.
هیوادارم ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی ڕاستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بێت.
پێویستە میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بهێنرێت.
ڕۆژی ڕۆژنامەوانیی کوردی پیرۆزبێت و لەم یادەدا، هەموو پشتیوانی و پشتگیرییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی بیروڕا لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/22