پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 3/17 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر، لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانی ژوورەکە خستەڕوو کە لە فەرمانگە خزمەتگوازارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان پێکهاتووە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامیان لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت، بەرپرسانیشی ڕاسپارد کە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت.دڵنییاییشی بە خەڵکی کوردستاندا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە . دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسا دەرچووەکان بوونەتەوە ، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووریی و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین. گوتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە.هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە ، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.
لەبارەی بابەتی سیستەمی ئەسیکۆداش، هەرێمی کوردستان نەیگوتووە ئەسیکۆدا جێبەجێ ناکەین بەڵکوو تەنیا داوای کاتمان کردووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. بە تایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانی زۆر خراپداین و چالاکی بازرگانی زۆر کەم بووە.

