zagros news agency

نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئێمه‌ به‌شێك نين و نابينه‌ به‌شێك له‌ جه‌نگ

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/3/25 دواى بەشداریكردنی لە پرسەی شەهیدانی پێشمەرگە كە لە هێرشى مووشه‌كيى به‌ره‌به‌يانى دوێنێى هێزه‌كانى ئێراندا شەهید بوون، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەوانان دا.

سەرەتا بەڕێزیان گوتی: “پێشەكی دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان بكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم. بە ڕاستی ڕووداوێكی زۆر ناخۆش بوو. ئەوەی كە دەتوانم بڵێم ئەوەيه‌ كه‌ هەر دواى ئه‌وه‌ پەیوەندیمان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە كردووە. ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەك كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن. هاوخه‌مى و پەیامی سەرەخۆشییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەڵامی كۆماری ئیسلامیی ئێران چى دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان.”

بێگومان لاى خۆمانەوە پێشتر زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەم هێرشەمان كردووە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە سیاسەتی هەرێمی كوردستان ڕوونە، ئێمە فاكتەری ئارامی و سەقامگیرین لە ناوچەكەدا. هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئێمە سەرچاوەی هەڕەشە نین بۆ هیچ یەك لە وڵاتانی دراوسێ و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەتایبەتی لەناو دراوسێكانماندا. هەر ئەو سیاسەتەشمان لە دەستپێكی جەنگه‌وه‌ پەیڕەو كردووە. ئێمە نەبووینەتە بەشێك لەو جەنگە و نابینە بەشێك لە جەنگ. ئەوەی ئێستا هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لێكۆڵینەوەی تەواو بكات و هەرێمی كوردستانیش ئاگادار بكاتەوە كە چی ڕوویداوە.”

دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە بەرپرسیاريه‌تیی حكوومەتی عێراق به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه‌ى ده‌كرێنه ‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “پێویستە حكوومەتی عێراق دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت وەك وڵاتێكی خاوەن سەروەری. سەرەتا پێویستە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن، ئه‌وانه‌ى لەیاسادەرچووه‌كان دەيكه‌نە سەر هەرێمی كوردستان. ئەمە ئەركێكی حكوومەتی فیدراڵی عێراقە كە پێویستە جێبەجێی بكات”.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى ديكه‌دا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “ئێمە نەبووینەتە بەشێك لە جەنگ و نابینە بەشێك لە جەنگ و هیوادارین شتێكی دیكە ڕوونەدات”. هه‌روه‌ها گوتى: “لە ناوخۆی عێراق لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش دەدرێت، هەر ئەوە نییە كە لە هەرێمی كوردستان دەدرێت، بەڵام بێگومان پێویستە سنوورێك بۆ ئەوانە دابنرێت كه‌ لە یاسا دەرچوون.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ماوەی قەدەغەی چالاکیی و خۆپیشاندان لە دیاربەکر و وان درێژکرایەوە

سەڵاح

ئومێد خۆشناو بۆ زاگرۆس: دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەم بە گوێرەی هەڵومەرجی نوێ دەبێت

سەڵاح

ئومێد خۆشناو بۆ ئاژانسی زاگرۆس: له‌ ئێران وه‌ك شاندی ده‌وڵه‌تێك پێشوازیمان لێكرا

دڵشاد