zagros news agency

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپاوە پێگەیشت

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2026/3/28 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە  کلیمێنس سێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراقەوە پێگەیشت.

لە پەیامەکەدا، نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە هێرشەکە هیچ قوربانييه‌كى لێ نەکەوتووەتەوە.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە توندوتیژییە نابەرپرسانەیە مەترسیی پەرەسەندنی زیاتری دۆخە هەستیارەکەی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە. جەختیشی کردەوە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم کارە ڕادەستی دادگا بکرێن ، چونکە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئەو بەرپرسانەی نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، یان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، کارێکی تاوانکارییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

لە کۆتاییی پەیامەکەدا، داوا لە هەموو لایەک کراوە پشتگیریی هەوڵەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە ناوخۆی عێراق و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە،  نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیام و هەڵوێستی باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە و پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیری کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە کەلار منداڵێکی شەش ساڵان کوژرا

سەڵاح

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەڵاح

تەرمی ئەیهانی پێنج ساڵان لە ڕووباری ڕواندز دۆزرایەوە

دڵشاد