zagros news agency

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ماف و رەگەزنامە بۆ کوردانی فەیلی بگەڕێنێتەوە

 

 

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە؛ ئەمڕۆ یادی 46 ساڵەی زنجیرە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و وڵاتبەدەرکردنی کوردانی فەیلی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق دەکرێتەوە. لەم یادەدا جەخت لەسەر ئەرکی حکوومەتی فیدراڵ دەکرێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و گەڕاندنەوەی رەگەزنامە و موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان، وەک وەفایەک بۆ خەبات و قوربانیدانی ئەو توێژە ڕەسەنەی گەلی کورد.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی؛

ئەمڕۆ یادی بەئازاری (46) ساڵەی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و وڵاتبەدەرکردن و بێسەروشوێنکردنی خوشک و برایانی کوردی فەیلی دەکەینەوە. ئەو ستەملێکراوانەی لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوسای عێراقدا، تەنیا لەبەر کوردبوون و داکۆکیکردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی گه‌لەکەیان، ڕووبەڕووی له‌سێداره‌دان، کوشتن، گرتن، شوێنبزركردن و دەرکردن بوونەوە و ڕەگەزنامە و سامان و ماڵ و موڵكيان لێ سەندرایەوە.

وڵاتبەدەرکردنی سەتان هەزار کوردی فەیلی و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزاری دیکەیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانەی بەعس بوو کە مێژوویەکی ڕەش و ڕابردوویەکی تاڵی پڕ لە هەڵەی بۆ عێراق بەجێهێشت. لەم یادەدا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ده‌بێ ئەرکى خۆى جێبه‌جێ بكات و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ تاوانه‌كه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و ڕەگەزنامە و موڵک و ماڵیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

خەبات، دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە. دەبێ ئەو ڕابردووە تاڵە بۆ هەموومان ببێتە پەند و وانە و بۆ داهاتوویەکی باشتر لەسەر بنەمای پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن لە عێراقدا سوودی لێ وەربگرین، بۆ ئەمەیش بەردەوام لە هەوڵ و کۆششدا دەبین و هەرچی پێویست بێت هاوکار دەبین.
سڵاو و دروود بۆ یاد و گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و تەواوی شەهیدانی کوردستان. سڵاو و ڕێز بۆ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكارى سەربەرزیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەبارەت بەو لێبڕینەی لە مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی روونکردنەوەی دا

سەڵاح

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه‌

یاسین

دوو دارستانی ستراتیژی یەكێكیان بینراو و ئەوی تریان نەبینراو بنیات دەنرێت

سەڵاح