zagros news agency

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی شەهیدکردنیاندا: لەیلا قاسم مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافره‌تانی کوردستانە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ٥٢ـەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەیلا قاسم تەنها سیمبۆلێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو پێشەنگی ئافرەتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا.

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢-٥-٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە ڕێزەوە یادی کچە تێکۆشەری کورد، شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی کردەوە، کە ٥٢ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارە دران.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی ئەو شەهیدە و وتی: “لەیلا قاسم بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شکۆی گەلەکەیدا، گیانی بکاتە قوربانی.”

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، خەباتی لەیلا قاسم لە شاری خانەقینەوە تاوەکو زانکۆی بەغدا و دوا چرکەکانی ژیانی لە زیندان، بووەتە “نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون” بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی و وەک وانەیەکی نیشتمانپەروەری لە ویژدانی کوردستانییاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەری ڕێز و نەوازشی بۆ گیانی پاکی شەهید لەیلا قاسم و تەواوی شەهیدانی کوردستان نواند و سڵاوی بۆ کەسووکاری سەربەرزیان نارد.

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا لەگەڵ چوار لە هاوڕێکانی بە ناوەکانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لە سێدارە دران.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەولێر.. دەست بە دروستكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆی سندووقی كرا

سەڵاح

دوو كۆنگرێسمانی ئه‌مه‌ریكا بانگیشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن

سەڵاح

وەزارەتی کشتوکاڵ داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات

سەڵاح