zagros news agency

لە (60)ـەمین ساڵیادی داستانی مەزنی هەندرێن.. پێشمەرگە لووتی رژێمی شكاند و ناچار بە دانوستانی كرد

 

ئەمڕۆ (١٢ی ٥)، رۆژێكی مێژووییە لە رۆژژمێری شۆڕشی رزگاریخوازی كورد، كاتێك لە ١٢ی ٥ی ١٩٦٦، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رابەرایەتیی مستەفا بارزانی، گەورەترین داستانی لە (چیای هەندرێن) بەسەر هێزی زۆر و زەبەندی سوپا و رژێمی ئەوكاتی عێراق تۆمار كرد.

بەپێی سەرچاوە دیكۆمێنتكراوەكان، رژێمی ئەوسای عێراق، غروور گرتبووی و ئامادەی دانوستان و ناساندنی مافەكانی كورد نەدەبوو، بەتایبەت كە له‌ شه‌وى 2/ 3ى مانگى 5ى 1966 به‌ هێزێكى زه‌به‌لاح، كه‌ پێكهاتبوو له‌ سه‌ربازى پڕچه‌ك و به‌ پاڵپشتیی فڕۆكه‌ى شه‌ڕكه‌ر، له‌ چیاى هه‌ندرێن هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و لە غەفڵەتدا ئەو ناوچە ستراتیژییەیان گرت، بەڵام دواى 10 رۆژ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، بەپێی نەخشە و پلانێكی سەربازیی زۆر ورد و یەكلاكەرەوە، رۆژى 12ی5ی1966، پێشمه‌رگه‌كانى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول به‌ رابه‌رایه‌تیى بارزانی، شكستیان به‌ پیلانى مه‌ترسیدارى دوژمن و داگیركردنی هەندرێن هێنا و داستانێكى بێوێنه‌ و سه‌ركه‌وتنێكى مه‌زنیشیان تۆمار كرد كە به ‌ناوى (داستانى هه‌ندرێن) چووە ناو ئەدەبیاتی شۆڕش و ناوبانگی دەركرد و بوو بە خاڵی وەرچەرخان له‌ مێژووى شۆڕش و بزاڤى رزگاریخوازى كوردستاندا.

ئه‌و داستانه‌ له‌ چیاى هه‌ندرێن لە سنووری ڕواندز، بە رابەرایەتیی مستەفا بارزانی و سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئیدریس بارزانی، به‌ به‌شداریى پێشمه‌رگه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان و حزبی شیوعیى تۆمار كرا و سوپای پڕچەك و زەبەلاحی عێراقیان تێكشكاند و وڵاتانى ناوچه‌كه‌شیان تووشى شۆك و سه‌رسوڕمان كرد و رژێمی عێراقیشی ناچار كرد لە 29ى حوزه‌یرانى هه‌مان ساڵ رێككه‌وتننامەیەك ئیمزا بكات، ئەمە جگە لە شكستی گەورەی سەربازیی سوپای عێراق و كوشتن و به‌دیلگرتنى سه‌دان سه‌رباز و ده‌ستكه‌وتى ئێگجار زۆر كە بە سەدان پارچە چەكی گەورە و بچووك و كه‌ره‌سته‌ى سه‌ربازى دەخەمڵێنرا.

ئه‌و داستانه‌ به‌هۆى لێهاتوویى فه‌رمانده‌كان و وره‌به‌رزی و خۆڕاگریى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی پارتی و شیوعی تۆمار كرا كه‌ له‌ ساته‌وه‌ختى شۆڕشى ئه‌یلوودا و له‌ مێژووى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سوپاى داگیركه‌ردا، گه‌وره‌ترین حه‌ماسه‌تی ‌خوڵقاند و تاكوو ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش هه‌ر شانازیى پێوه‌ ده‌كرێت.

سەبارەت بەم داستانە مەزنە، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، لە بەرگی سێیەمی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد” ئەو داستانەی بە “نیشانەی وەرچەرخان” و “شکانی بڕبڕەی پشتی هێزی سوپا” ناو بردووە و نووسیویەتی: “رۆژى 12ی5ی1966 له‌ داستانێكى كه‌موێنه‌، به‌ دروشمى كوردستان یان نه‌مان، هێزى پێشمه‌رگه‌كانى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول، گورزێكى به‌هێزیان له‌ سوپاى ئه‌وكاته‌ى رژێمى عێراق دا. له‌و داستانه‌دا هێزى باڵه‌ك رۆڵێكى كارایان بینى، هه‌روه‌ها به‌ فه‌رمانى بارزانیی نه‌مر، رابه‌رى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول، شه‌هیدى هه‌میشه‌ له‌یاد ئیدریس بارزانى، رۆڵى گیانفیدایی گێڕا و سه‌ركردایه‌تیى شه‌ڕه‌كانى (هه‌ندرێن و زۆزك)ی كرد. بۆ دوژمن سەلما، كه‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌میشه‌ ده‌توانێ به‌رگرى له‌ خاكى كوردستان بكات. له‌ 12ى ئایارى 1966دا هێزى پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتنێكى پرشنگدارى به‌سه‌ر هێزى پڕچه‌كى زه‌مینى و ئاسمانیى دوژمن له‌ حه‌وزى رواندز تۆمار كرد. ئه‌و هێزه‌ى كه‌ بۆ له‌ناوبردنى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕش په‌لامارى ناوچه‌كه‌ى دابوو، له‌ شه‌ڕێكى ده‌ رۆژه‌دا له‌ چیاى هه‌ندرێن و زۆزك و كوڕه‌ك و گه‌رووى هۆمه‌رئاغا، هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به‌ به‌شداریی پێشمه‌رگه‌كانى حزبى شیوعى به‌یه‌كه‌وه‌، داستانێكى قاره‌مانانه‌یان تۆمار كرد و هێزى دوژمنیان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاند.”

ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌و سات و كاته‌دا، هیوا و ئومێدى گه‌وره‌ى به‌ گه‌لى كوردستان به‌خشى و ورەی پێشمەرگەكانیشی پڕ جۆش كردەوە و لە ئەدەبیاتی شۆڕشیشدا شوێنێكی بەرزی گرت و دواتر بوو بە هەوێنی تۆماركردنی دەیان داستانی دیكەی گەورە، لێكۆڵەر و نووسه‌ران و شاعیرانى كوردیش به‌ نووسین و لێكۆڵینەوەی مێژوویی و سەربازی و سیاسی، هەروەها بە هۆنراوه‌ و سروود پاڵپشتى و پشتیوانیى خۆیان ده‌ر‌بڕى و دەیان هۆنراوه‌یان لەسەر گیانفیدایی و قارەمانیی پێشمه‌رگه‌ و گەورەیی داستانی هەندرێن نووسیوه‌ و سەدان لە رۆڵەكانی كوردیش بە كاریگەریی ئەو داستانە مەزنە بە ناوی (هەندرێن) كران.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبویەوە

سەڵاح

چوار سەربازی ئیسرائیل کوژران و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکە بەسەختی برینداربوون

سەڵاح

دۆزینەوەی تەرمی قوربانیانی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران ڕاگەیاندرا 

سەڵاح