zagros news agency

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا دەكات

 

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ترامپ بە سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفیكرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە. هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەكەی بڕوات.

لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراق و، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق. سەبارەت بە حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی بەڕێز عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوكێشەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەورەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێك ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەڕێز فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە بەڕێز سەلیم جبوری سەرۆکی حزبی گردبونەوەی مەدەنی بۆ چاکسازی دەکات

دڵشاد

عارف رووشدی له‌رێگای زاگرۆسه‌وه‌ په‌یامی پارتی له‌ باره‌ی دۆخه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

دڵشاد

کونسوڵی گشتی یۆنان لە هەولێر: ئەم پەیوەندییەی دروستکراوە خەڵکی کوردستان و یۆنان لێک نزیک دەکاتەوە

سەڵاح