zagros news agency

خوێندنەوەیەک بۆ وتاری نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێریدا

نووسینی: بەهرە محەمەد

لە دووەم ڕۆژی دیداری مێریدا لە شاری هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وتارێکی گشتگیری لە بارەی ڕووداوەکانی ناوخۆ و دەوروبەر و جیهان پێشکەش کرد، کە خوێندنەوەی زۆر لە خۆ دەگرێت چونکە زۆر بە ڕاشکاوانە باسی زۆر پرسی هەستیار و گرنگی کرد. دوای وتارەکەش ڕەنگدانەوەی زۆری دروست کرد لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
سەرەکیترین خاڵەکانی وتارەکە:
وەک هەموو جارانی تر، ئەوەی لە وتاری نێچیرڤان بارزانی بە ڕوونی دیار بوو زیاتر بریتی بوو لە دەرخستنی چەند ڕاستییەک و پێشبینی و بۆچوونی بەڕێزیان دەربارەی ڕووداوەکان. لە زۆربەی وتارەکەی ئاماژەی دڵخۆشی پێوە دیار بوو دەربارەی هەرێمی کوردستان.

پرسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باسی دواکەوتنی دروستکردنی کابینەی حکومەتی تازەی کرد و ئاماژەی بە بوونی چەند کێشەیەکی لاوەکی کرد لە نێوان پارتی و یەکێتی. مژدەی ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە بۆ هەرێمی کوردستان نەمانی شەڕە لە نێوان پارتی و یەکێتی، و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم قۆناغەی شەڕ کۆتایی هاتووە و هیچ لایەنێک بیر لەوە ناکاتەوە پەنا بۆ شەڕکردن ببات. ئەگەرچی ململانێ بوون هەیە و کێشەش هەیە.
بە ڕوونی باسی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتیشی کرد، کە پەیوەندی بەردەوام هەیە و ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی هێزێکی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتە و بەرپرسیارێتی سەرەکیشی هەیە، و دەبێت ئەوە بزانن کە بەرپرسن لەو دۆخەی هەرێم. لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی باسی ڕۆڵی پارتی کرد کە زۆر جار یارمەتیدەر بووە بۆ یەکێتی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، وەک ئاماژەیەک لە بوونی پەیوەندی بەهێزی پارتی و یەکێتی.

پرسی عێراق
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لە ڕووی دەستوورییەوە وڵاتێکی فیدراڵیە، بەڵام ئەوەی دەیبینین زیاتر مەرکەزیەت حوکم دەکات لە عێراق. ئەم پرسەشی زۆر جار لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی شیعەکان باس کردووەتەوە و بە ڕاشکاوانە ڕەخنەی لەو سیستەمە گرتووە کە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت.
تەرکیزی لەوە کردەوە کە بەغدا بۆ هەرێم عوومقی ستراتیژیە، وەک ئاماژەیەک بۆ چارەسەری هەموو ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان هەرێم و بەغدا بوونیان هەیە. دەبێت گفتوگۆی بەردەوام بۆ چارەسەری پرسەکان بوونی هەبێت. ئاماژەشی بەوە کرد کە نابێت مووچە و پشکی هەرێم دوا بکەوێت لە بەغدا، چونکە هێشتا هاووڵاتی و فەرمانبەری هەرێم بەشێکن لە عێراق.
ئاماژەی بە بوونی ناکۆکی نادەستووری دا کە ئەم کێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا بە نادەستوورییی و دروستکراون لە لایەن هەندێک لایەنەوە، و دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەبکرێن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە گرنگی زۆری ئەم هەڵبژاردنە دا، بەتایبەتی بۆ کورد. باسی ئەوەی کرد کە ئەم هەڵبژاردنە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ گرنگترین هەڵبژاردن دەبێت بۆ کورد، چونکە لە دوای ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدەن.
ئاماژەی بە داڕشتنی نەخشە ڕێگایەک کرد لە نێوان پارتی و یەکێتی کە ئامادەکراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا دوای هەڵبژاردن، کە ئەم نەخشە ڕێگایە بەرنامە و پرنسیپی کورد بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و حکومەتی داهاتوو.

دۆخی سووریا
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی ئەوە دا کە بەردەوام لەگەڵ هێزی کوردی ڕۆژئاوا گفتوگۆی کردووە و ڕێنماییکردوون بۆ ئەوەی خۆیان بە خاوەنی ئەم گۆڕانکاریە بزانن کە لە سووریا ڕوویداوە.
ئاماژەی بە مەترسی تێدەخوڵکردنی پەکەکە کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان، پێی وابوو دەبێت پەکەکە دوور بێت لەو تێدەخوڵکردنە چونکە هیچ سوودێکی بۆ ڕۆژئاوانییە جگە لە زەرەر و ماڵوێرانی.
باسی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە لەگەڵ ئەحمەد شەرەع سەرۆکی سووریا ئەنجامی داوە، و لەگەڵ ئەوە بووە کە دەبێت سیستەمی حوکمڕانی لە سووریا جیاواز بێت لەوەی پێشتر، چونکە پێکهاتەی سووریا پێک دێت لە چەندین نەتەوە و ئاینی جیاواز.

پرسی ڕۆژئاوا و دیموکراسی

نێچیرڤان بارزانی بە ڕوونی باسی لەوە کرد کە ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە بارەی دۆخی ئێستای ناوچەکە هێشتا خوێندنەوەی دروستیان نییە لە تێگەیشتن لە کێشەکان و چارەسەری پرسەکان. پێی وابوو ڕۆژئاوا بەم عەقڵیەتەی خۆیان کە مامەڵە لەگەڵ ناوچەکە و پرسەکان دەکەن، مامەڵەیەکی واقیعی و دروست نییە، بۆیە کێشەکان بەردەوامن و چارەسەر نەکراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

یاریزانێکی بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا جولیان ئەلڤارێزی سەرسام دەکات

یاسین

سعودیەکان چاویان لە گرێبەست کردنە لەگەڵ ئەستێرەیەکی ڕیاڵ مەدرید

یاسین

ئەنشیلۆتی پلانێکی نوێ جێبەجێ دەکات

یاسین